نازم دەباغ: پەیامی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان ئەوەیە بە یەك گوتاری هاوبەش بەشداربن لە پێكهێنانی حكومەتی تازەی عێراقدا

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لەم چاوپێكەوتنە تایبەتەی پۆڵەتیك پرێس لەگەڵ نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران تیشكدەخاتە سەر چەند تەوەرێكی تایبەت بە هەڵوێست و تێڕوانینەكانی ئێران بۆ چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و بەشداری هەرێم لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و دید و تێڕوانینی ئێران سەبارەت بە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی لە دوای 8 ی تەمموز.

 

_ پۆڵەتیك پرێس: ئیسماعیل قائانی لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی عێراق و بەپێی هەواڵی چەند ئاژانسێكیش سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، سەردانەكەی قائانی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ چ مەبەستێك بووە؟

+ نازم دەباغ: ئامانجی سەردانەكەی قائانی بۆ هەرێمی كوردستان و بەغدایش یەكێكە، چونكە كاتێك كێشەیەك لە بەغدا دروست دەبێت رەنگدانەوەی هەیە بۆسەر هەرێمی كوردستان و كاریگەریشی دەبێت بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی كۆماری ئیسلامی ئێران، واتە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران بە ئەندازەی ئەوەی لایەنێكی شیعە یان سونە گرنگە، بە هەمان ئەندازە لایەنی هەرێمی كوردستانیش گرنگە بۆیە كاتێك ئەو دەرفەتی هەبێت كە سەردانی بەغدای كردبێت لە سەردانەكانی پێشووشی هەمیشە هەوڵی داوە كە سەردانی هەرێمی كوردستانیش بكات، بۆئەوەی لە نزیكەوە هەماهەنگی بكەن بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەسەرێكی سیاسی كە هەرچی زووە كێشەكان لە عێراق چارەسەربكرێن و حكومەتی تازەی عێراق پێكبهێنرێت.

_ پۆڵەتیك پرێس: پێتان وایە قائانی هیچ مەسجێكی تایبەتی بۆ هەرێمی كوردستان نەبووە جیاواز لەو سەردانەی كە بۆ عێراقی كردووە؟

+ نازم دەباغ: پێم وایە پەیامە تایبەتەكەی كە بەكوردی دەگەیەنێت ئەوەیە نەبنە لایەنگری هیچ یەكێك لە لایەنەكانی تر، واتە چاوەڕێ‌ بكەن كەی زۆرینەی شیعە لەگەڵ بەشێك لە سوننە یان زۆرینەی سوننە توانییان رێككەوتن بكەن و كوردیش ببێتە پاڵپشتی ئەو رێككەوتنە بۆ سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، وە جەخت لەوەدەكەنەوە كورد پەلەنەكات، ناوماڵی خۆی یەكبخات و بتوانن بە یەك گوتاری سیاسی لەگەڵ لایەنەكانی تری عێراقی بەشداربن، لە پێكهێنانی حكومەتی تازەی عێراق.

_ پۆڵەتیك پرێس: ئێران چەندینجار هۆشداری داوەتە هەرێمی كوردستان بەوەی ئەو حزبە كوردییانەی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو خاكی باشووری كوردستاندا دەربكات ئەگەر نا گورزی سەربازییان لێ‌ دەوەشێنێت ئێران هاوشێوەی توركیا ئەم هەڕەشانەی دەكاتە كردار لەشكركێشی دەكاتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە بە بیانووی بوونی ئەو حزبانە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان؟

+ نازم دەباغ: پێم وایە ئەگەر حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان پابەند نەبن بەو رێككەوتنەی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیانە ، وە ئەو بەڵێنانە كە حكومەتی هەرێم داویەتی بە كۆماری ئیسلامی ئێرانی، كە رێگە دەگرن لە پەلاماری كۆماری ئیسلامی لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان، بە دڵنیایی هەڕەشەكان قابیلی جێبەجێكردنن.

_ پۆڵەتیك پرێس:پێتان وایە حكومەتی تازەی عێراق بەزوویی پێكدەهێنرێت وە تا چەندە گرنگە بۆ ئێران بە زوویی حكومەتی نوێ‌ پێكبهێنرێت؟

+ نازم دەباغ: بابەتی دروستبوونی حكومەتی نوێی عێراقی دوای ئەو كارە تیرۆرستییەی كە ویستییان ئەنجامی بدەن، بە خۆشحاڵییەوە كە سەركەوتوونەبوو، هێندەی تر ئێرانی نیگەرانكرد بەوەی هەرچی زووترە هەوڵبدرێت حكومەتی نوێ‌ پێكبهێنرێت، چونكە پێكهێنانی حكومەت دەبێتە رێگری و هێز لەو میلیشیایانە و لەو كەسانەی بیانەوێت ئاژاوە بنێنەوە لە ناو عێراقدا، وە دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق و گەلانی عێراقی بن، بەڵام لە هەمانكاتیشدا وەكو رای تایبەتی خۆم بەپێی ئەزمونەكانی رابردوو ئێم وایە ئەم هەویرە ئاوزی زۆر دەوێت، پێدەچێت پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق درێژە بكێشێت بەڵام ئومێددەكەم درێژە نەكێشێت وە بە زوویی رێكەوتن بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌.

_ پۆڵەتیك پرێس: لە ماوەی رابردوودا ئەوەی پەیوەستە بە جوڵەی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێرانەوە، وا بڕیاربوو ناوچەیەكی بازاڕی ئازاد لە نێوان هەردوو پارێزگای سنە و سلێمانی بكرێتەوە، ئەم بابەتە گەشت بەكوێ‌؟

+ نازم دەباغ: ئەم هەوڵە لە سەرەتای ساڵی 2000 ەوە تا ئێستا هەمیشە لە ئارادبووە، هەربۆئەو مەبەستەش كاتی خۆی بڕیاردرا ناوچەیەكی پیشەسازی بچوكی ئێرانی لە عەربەت دروست بكرێت، نزیكەی 1000 هەزار دۆنم زەویشیان پێدرا، بەڵام بەداخەوە لەبەر چەند هۆكارێك كە بەشێكیان ئێمە هۆكاربووین بەشێكیشی كۆماری ئیسلامی ئێرانی بوو، تا ئێستا ئەم پرۆژەیە سەری نەگرتووە، پرۆژەی دووەمیش لە جێی ئەو پرۆژەیە هاتە سەرئەوەی كە لە مەرزەكانی باشماخ و پەروێزخان و حاجی ئۆمەران ناوچەی ئازاد دروست بكرێت ئەو ناوچەیەی كە بازاڕێكی هاوبەش بێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەمەش تا ئێستا لە بەرنامە و قسەدایە و نەبووەتە پراكتیك.

_ پۆڵەتیك پرێس: دەمەوێت لە رێی بەڕێزتانەوە بۆچوونی ئێران بزانم سەبارەت بە ئەو رووداوانەی لە ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا لە دوای 8 ی تەمموز روویانداوە واتە ئێران، بۆچوونی چییە لەسەر ئەم پرسە؟

+ نازم دەباغ: كە قسەیەك دەكەم لێی بەرپرسم چونكە لە بەرسانی كۆماری ئیسلامیشم بیستووە، ناڕازین لەو كێشانەی كە هەیە، بەتایبەتی كێشەیەك كە ببێتە هۆكاری لاوازكردنی یەكێتی، بۆیە هەمیشە جەخت لەسەرئەوە دەكەنەوە گرنگە یەكێتی هێز و توانای خۆی بپارێزێت و كۆی بكاتەوە و بەشداربێت لەپرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراقدا، دووربكەوێتەوە لەو كێشە ناوخۆۆیانەی كە هەیەتی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا