ترەمپ: بایدن بوکەڵەی ئەو توندڕەوانەیە کە رقیان لە پۆلیسە

پۆڵەتیک پرێس

‎دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە میانەی بەشداری کردنی لە چالاکییەکدا لە ویلایەتی پەنسیلڤانیا باسی لە هەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەمریکای کرد.

‎ترەمپ رەخنەی لەو راپرسییانە گرت، کەوا نیشاندەدەن جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان، لە  پێش ئەوەوەیە و رایگەیاند، “ئەم راپرسیانە دەیانەوێت ئێوە توشی خەمۆکی بکەن، ئایا ئێوە دوچاری خەمۆکی بوون؟ هیچ وا دەرناکەون کە خەمۆکیتان هەبێت”.

‎سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توندیشی لە جۆ بایدن گرت و وتی: “بایدن بوکەڵەی سۆسیالیست، مارکسیست و ئەو توندڕەوانەیە کە رقیان لە پۆلیسە”.

‎لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆناشەوە باسی لەوەکرد، سێ پێکوتەی جیاواز لە کۆتا قۆناغی تاقیکردنەوەدان.

‎ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەیە پێش کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم پێکوتەکە دابەشبکرێت، جەختی لەوەش کردەوە، ئەم کارە لە پێناو بانگەشەی هەڵبژاردن نابێت بەڵکو بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان ئەنجام دەدرێت.

لە کۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن رکابەری وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە دەکەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا