گەشتە ئاسمانییەکان لە پەکین دەستپێدەکاتەوە

پۆڵەتیک پرێس 

فڕۆکەخانەی پەکینی پایتەختی چین بڕیاریداوە، دەستبەگەشتە ئاسمانییەکانی بکاتەوە، دوای ئەوەی ماوەی چەند مانگێکە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گەشتەکانی راگرتووە.

میدیاکانی وڵاتی چین رایانگەیاند، پاش ئەوەی لە مانگی ئادارەوە سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی پەکین لەسەرتاسەری جیهاندا داخران، بڕیارە لەگەڵ چەند وڵاتێکدا دەستبەگەشتە ئاسمانییەکانی بکاتەوە.

باس لەوەشکراوە، لەسەرەتاوە فڕۆکەخانەی پەکین گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ هەریەک لە دانیمارک، کەمبۆدیا، تایلاند، نەمسا، کەنەدا، سوید، پاکستان و یۆناندا دەستپێدەکاتەوە.

‎ئەوەش خراوەتەڕوو، حکومەتی چین رێکاری پێویست دەگرێتەبەر و دەبێت سەرجەم گەشتیاران پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزیبن بەکاربێنن.

‎لەوە بارەیەوە، شۆ هیگیان وتەبێژی حکومەتی چین رایگەیاند، “پێویستە گەشتیاران پێش گەشتەکەیان پشکنین ئەنجامبدەن، تا لە سەلامەتیان دڵنیابینەوە.”

لە ماوەی رابردووشدا، لە درێژەی کەمکردنەوەی رێکارەکانی خۆپارێزی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، بەرپرسانی تەندروستی چین بەستنی زۆرەملەی دەمامکیان لە پەکینی پایتەختدا ھەڵوەشاندەوە، پاش ئەوەی بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لەو شارەدا هیچ توشبوویەکی نوێ تۆمارنەکرا.

لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی چین سەریهەڵدا و دواتریش لەماوەی کەمتر لە سێ مانگدا بە جیهاندا بڵاوبووەوە، لە ئێستاشدا پاش تێپەڕبوونی نزیکەی ١٠ مانگ بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا، لە بەشێکی زۆری وڵاتان رێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی شوێنە گشتییەکان و کردنەوەی سنورەکان و دەسپێکردنەوەی گەشتەئاسمانییەکان ئاسایی کراونەتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا