دوو وەزیری کابینەکەی عەبدولمەهدی بەتۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەران لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا  

پۆڵەتیک پرێس 

ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق رایگەیاند، دوو وەزیرى پیشووى کابینەکەى عادل عەبدولمەهدى لەبارەی پرسى لێکۆڵینەوە لەکوشتنى خۆپیشاندەرانی ساڵی رابردوو بانگهێشتکراون.

‎ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، فایەق زێدان سەرۆکى ئەنجومەنەکە لەگەڵ هەریەک لە عەبدولوەهاب ساعدى سەرۆکى دەزگاى روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و قاسم ئەعرەجیى راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیى و عەبدولغەنى ئەسەدى سەرۆکى دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى، لەکۆبونەوەیەکدا  گفتوگۆى لەبارەى دۆسییەى بەدادگا گەیاندنى تۆمەتبارانى کوشتنى خۆپیشاندەران کردووە.

‎ئاماژە بەوەشکراوە، ئامادەبووانى کۆبوونەوەکە باسیان لە گرتنەبەرى رێوشوێنە یاساییەکانی پەیوەست بەڕوداوەکانى کوشتنى خۆپیشاندەران و کارمەندانى هێزە ئەمنیەکان کردووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، دەستەى لێکۆڵینەوەى یاسایى لەڕەسافە بۆ روونکردنەوە و وەرگرتنى زانیارى پەیوەست بەلێکۆڵینەوە لەو پرسەدا، هەریەکە لە وەزیرەکانى ناوخۆ و بەرگریى کابینەکەى عادل عەبدولمەهدى بانگهێشتکردووە.

‎باس لەوەشکراوە، دەستەى لێکۆڵینەوە فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ چەند کارمەندێکى سەر بەوەزارەتەکانى بەرگرى و ناوخۆ دەرکردووە، بەڵام بەپێى یاسا پێویستى بەڕەزامەندى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان و وەزیرى ناوخۆ هەیە.

‎دەشڵێت، چەندین ئەفسەر بەمەبەستى لێکۆڵینەوە لەو پرسەدا راگیراون و ژمارەیەک تۆمەتبارى دیکەش لەلایەن دادگاى تەمیزەوە وردبینى لەدۆسییەکانیاندا دەکرێت.

‎لەخۆپیشاندانەکانى ساڵى ڕابردوودا کە لەلایەن عێراقیە ناڕازییەکانەوە بەشۆڕشى تشرین ناو دەبرێت و لەو مانگەوە دەستیانپێکرد و ناو بەناو تا ئێستاش بەردەوامە، بەهۆى گازى فرمێسک ڕێژى هێزە ئەمنییەکان و تەقەى قەناس بەدەستە نەناسراوەکانەوە زیاتر لە 550 کەس کوژران و بەهەزارانیش بریندار بوون.

ساڵی رابردوو، کۆمەڵێک خۆپیشاندان لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقدا روویاندا، کە تیایدا بەهۆی تەقەی قەناس بەدەست و کەسانی نەناسراوەوە، زیاتر لە ٥٥٠ کەس کوژران و هەزاران کەسیش برینداربوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا