هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی؛ ئایا کاتی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی هاتووە؟

پۆڵەتیک پرێس
میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، لەگەڵ هەوڵی شکستخواردووی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەموو دەرفەتێکیان لەدەستدا تا ببنە بەشێک لە حکومەتی داهاتووی عێراق، کازمیش درک بەوە دەکات، سەودا و دانوستان لەگەڵ ئەو میلیشیایانەدا هیچ بەهایەکی نەماوە.

لەبارەی هەوڵی تیرۆری کازمی و کاردانەوەی ئێران، کەسانی نزیک لە کازمی دەڵێن: ئێران بۆیە ئیدانەی هێرشەکەی کردووە چونکە شکستیهێنا، “فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ئێرانین، میلیشیاکانیش کە فڕۆکەکانیان ناردووە هەر ئێرانین، هێرشەکەش بە بڕیاری ئێران جێبەجێکراوە”.

سیاسییەکانی عێراقیش باس لەوە دەکەن، “سەرکردایەتی گروپە چەکدارەکان چاوەڕێی سەرکەوتنی هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی بوون و چاوەڕێ بوون بکوژرێت و لە ئامادەکاریدا بوون بۆ بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی سەرەخۆشی و ناوهێنانی کازمی وەک پاڵەوانێکی نیشتیمانی”، دەشڵێن: دەسەڵاتدارانی ئێران توشی شۆک بوون کاتێک بیستیان هەوڵەکەیان شکستیهێناوە.

لە هەمان کاتدا عێراقییەکان پێشبینی ئەوە دەکەن، کەسایەتی دووەم دوای کازمی کە دەکرێتە ئامانج، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدرە، بەتایبەت کە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا توانی دەنگێکی بێشومار بەدەستبهێنێت.

هەر لە سەرەتای وەرگرتنی دەسەڵات کازمی هەوڵی ئەوە دەدات، هێزەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیا چەکدارەکان قایل بکات و بەشداری لە چەندین نمایشی سەربازیان کردووە و رێگری کردووە لەوەی رووبەڕووی پێشلکارییەکانیان ببێتەوە، بەڵام دیارە لە ئێستادا باجی ئەو هەڵوێستانەی دەدات بەرامبەر بەو میلیشیایانە.

چاودێران دەڵێن: هەوڵی شکستخواردووی تیرۆرکردنی کازمی رەنگە ببێتەهۆی دانانی سنوورێک بۆ مانەوەی ئەم گروپانە وەکو هێزێکی چەکداری کە بەردەوام خەریکی هەڕەشەکردن و تاوانکاری و خزمەتکردنی ئەجێندای ئێرانن و جگە لەمانەش هێشتا لە عێراقەوە پارە وەردەگرن.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی حکومی باس لەوە دەکات، میلیشیاکان و ژمارەیەک لە سەرکردەی حزبەکان لەبەردەم چەند بژاردەیەکدان، یان ئەوەتا دەبێت لە حکومەتی نوێی عێراق پێگەیەکیان هەبێت تا پارێزگاری لە خۆیان بکەن، یان ئەوەتا دەبێت بەردەوام بن لەم سیناریۆیانە تا بارودۆخەکان بشێوێنن.

سیناریۆی حوسی یەکێکە لە بژاردەکانی میلیشیا شیعەکان بۆ تێکدان و وێرانکردنی ناوچەی سەوز، ئەم بژاردەیەش کاتێک هەڵدەبژێرێت، گەر وەک هێزێکی دەسەڵاتدار لەناو دەوڵەت بوونی نەمێنێت و دەسەڵاتی نەبێت.

سەرچاوەیەک ئاشکرای کرد، هێزەکانی روبەڕوبوونەوەی تیرۆر بە سەرۆکایەتی عەبدولوەهاب ساعدی، لە ئامادەباشیدان بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر مەترسییەک کە ببێتە هەڕەشە بۆسەر پڕۆسەی سیاسی عێراق.

لەلایەکی دیکەوە گەورە سەرکردەکانی ناو حەشدی شەعبی دەترسن لەوەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کۆتایی بە هەژموون و بوونیان بهێنێت وەک هێزێکی باڵادەستی وڵاتەکە، جگە لەوەش گەورە بەرپرسانیان لەوە دەترسن دۆسیەکانیان ئاشکرا بکرێت، لەنێویشیاندا دۆسیەکانی رفاندن و کوشتن و گەندەڵی و دواتریش لێپێچینەوە و سزادانیان.

هەر ئەمەشە لەماوەی رابردوودا و تەنانەت ئێستاش، هاوپەیمانی فەتح “کە زۆرێک لە میلیشیا شیعەکان لەخۆدەگرێت” و لەلایەن هادی عامری سەرکردایەتی دەکرێت، چەندین جار فشاری خستەسەر رەوتی سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەش.

نوری مالکی کە پشتیوانی لە فەتح و میلیشیاکان دەکات، لەگەڵ هادی عامری و سەرکردایەتی میلیشیاکان وایدەبینن، بە پەراوێزخستنیان لە حکومەتی نوێی عێراق، کۆتایی بە سیاسەتیان دێت.

لەوبارەیەوە یەکێک لە کاندیدە براوەکانی هەڵبژاردنی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت: کردنەئامانجی ماڵەکەی کازمی مانایەکی ئاشکرای هەیە، ئەویش ئەوەیە میلیشیا چەکدارەکان ئامادەن لەپێناو گەیشتن بە کورسی زیاتری دەسەڵات، بگەنە کۆتا سنووری دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی لە عێراق.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا