كەتائیبی حیزبوڵڵا تۆمەتباردەكرێت بە هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراق باس لەوە دەكەن، هێرشەكەی سەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەلایەن لانیكەم یەكێك لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی كە نزیكن لە ئێران ئەنجام دراوە.

شەوی یەكشەممەی رابردوو 7-11-2021 بە سێ فرۆكەی بێفڕۆكەوان هێرش كرایە سەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا. دوو لە فڕۆكەكان لە ئاسمان تەقێندرانەوە و یەكێكیشیان ئامانجەكەی پێكا.

هەرچەندە لێژنەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە پێكهێندراوە، بەڵام هێشتا هێرشكارەكان نەدۆزراونەتەوە و دەستگیرنەكراون، لە كاتێكدا كازمی دەڵێت ‌هێرشكارەكان دەناسێت.

چەند بەرپرسێكی ئەمنیی عێراقی نزیك لە گرووپە چەكدارەكان كە نەیانویستووە ناویان بهێندرێت بە ئاژانسی رۆیتەرزی بەریتانییان راگەیاندووە، هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سەر ماڵی كازمی لانیكەم لەلایەن یەكێك لە گرووپە پاڵپشتیلێكراوەكان لەلایەن ئێرانەوە كراوە.

ئەو سەرچاوە ئەمنیانەی عێراق ئاشكرایان كردووە، كە: “تەنانەت خودی درۆنەكان و بۆمبەكانیشی ئێرانی بوون و لە ئێران دروستكراون”.

سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراق دەڵێن: “هێرشەكە لەلایەن كەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق، لە هەمانكاتدا كراون”.

تۆمەتباركردنی كەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق بە هێرشكردنە سەر ماڵی كازمی لە كاتێكدایە هەردوو گرووپەكە لەگەڵ گرووپێكی دیكەی حەشدی شەعبی، لە مانگی هەشتی ئەمساڵدا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە بە تۆمەتی گواستنەوەی چەك لە نێوان عێراق، سووریا و كۆریای باكوور سزادران.

هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی، لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە “هێرش بۆ سەر دڵی عێراق” لێكدرایەوە.

هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی دوای خۆپێشاندانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی هات، لە دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، كە هەینیی رابردوو رژانە سەر شەقامەكانی بەغدا و ویستیان بچنە ناوچەی سەوز، بەڵام هێزە ئەمنییەكان رێگریان لێكردن، بەو هۆیەوە رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپێشاندەران روویدا و ژمارەیەك خۆپێشاندەر كوژران و بریندار بوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا