پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
پڕۆسەی دادگاییكردنی چوار دەستگیركراوی دیكەی بادینان بەڕێوەچوو كە سەرجەمیان سزادران، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوان رایانگەیاند، سزادانەكە تووشی شۆكی كردین چونكە، بە تەواوی سیاسییە، هاوكات ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی رایدەگەیەنێت، دەنگی ئازاد لەدەڤەری بادینان و كوردستان بە سزادان و راپێچكردنی زیندان كپ ناكرێت و سەرتاپای دۆسییەكە رەتدەكەینەوە.
رۆژی دوو شەممە 8-11-2021، پڕۆسەی دادگاییكردنی هەریەك لە شێروان تەها، مەسعود عەلی، كاركەر عەباس و بەندەوار ئەیوب لە دادگای هەولێر بەڕێوەچوو و كە تێیدا مەسعود عەلی بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانیكردن و شێروان تەها بە دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیكردن سزادران، هاوكات هەریەك لە كاركەر عەباس و بەندەوار ئەیوب بە ساڵێك و دوو مانگ زیندانیكردن سزادران بەڵام، بەهۆی ئەوەی زیاتر لەساڵێكە زیندانن سزاكەیان تەواو كردووە و ئازادكران.
دوای پڕۆسەی دادگاییكردنەكەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەشدار حەسەن سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان لە هەولێر رایگەیاند: سزادانی ئەو چوار دەستگیركراوە تووشی شۆكی كردین چونكە، چەندین رێكاری نایاسایی لە دانیشتنی ئەمرۆدا روویداوە و سزاكە بەتەواوی سیاسییە، دادگای هەولێر لەسزاداندا پشتی بە بەڵگەی دەنگی بەستووە لە كاتێكدا هیچ ئامێرێك نییە بیسەلمێنێت كە ئەوە دەنگی یەكێك لەو سزادراوانەیە، ئەگەر ئامێرێكی لەو شێوەیە بوونی هەیە با دادگا بۆ رای گشتی بسەلمێنێت.
وتیشی: لە رووی یاساییەوە دەتوانین ماوەی كەمتر لە 30 رۆژ تانە لە بڕیاری دادگا بدەین و بەڵگەی بێ تاوانی سزادراوان بسەلمێنین.
هاوكات باوكی مەسعود عەلی كە بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانیكردن سزادراوە رایگەیاند: سزادانی ئەو دەستگیركراوانە تاوان و جەریمەیە چونكە، سزادراوان هیچ تاوانێكیان نەكردووە و سزادانەكەیان سیاسییە.
كاروان گەزنەیی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ لە دادگایی كردنێكی دیكەی بەناحەقی دەستگیركراوانی بادینان ئامادەبووین و وەك پێشتر رامانگەیاندبوو سەرتاپای دۆسییەكە رەتدەكەینەوە چونكە دۆسییەیەكی سیاسییە و دووان لەو دەستگیركراوانە بەتۆمەتی بێ بنەمای گێرەشێوێنی سزادراون.
جەشختیشی كردەوە: هەر لە سەرەتاوە دەستگیركردن و سزادانی دەستگیركراوانی بادینان سیاسی بووە، بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنین، دەنگی ئازاد لە دەڤەری بادینان و كوردستان بە سزادان و راپێچكردنی زیندان كپ ناكرێت، لە كاتێكدا ئەوان لە زیندانن ئێمە لە دەرەوە دەنگی ئازادی ئەوان دەبین و دەنگیان دەبەینە پەرلەمان.
وتیشی: سوور و پێداگر دەبین لە رەتكردنەوەی سزای دەستگیركراوانی بادینان و هەموو لایەنە رەسمییەكان و كونسوڵخانە و نوێنەری وڵاتان لە هەرێم ئاگادار دەكەینەوە وە دەیسەلمێنین كە ئەم دۆسییەیە سیاسییە.
پێشتر رێكخراوی CPT رایگەیاندبوو، كە هیچ بەڵگەیەك بۆ تاوانباركردنی ئەو چوار دەستگیركراوەی بادینان لەبەردەستدا نییە.
زیاتر لە 14 مانگە نزیكەی 80 رۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان زیندانیكراون، جگە لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی تاوەكو ئێستاش كەیسی پێنج لەو دەسگیركراوانە یەكلایی بووەتەوە و بە شەش ساڵ زیندانی سزادراون و ئەوانی دیكە بەشێكیان چەندینجارە دادگایی كردنیان دوادەخرێت و بەشێكی تریان هێشتا دادگایی نەكراون.