چین داوا لە خەڵکەکەی دەکات خۆراکی پێویست لە ماڵەکانیان عەمبار بکەن

پۆڵەتیک پرێس:
چین داوا لە خەڵکەکەی دەکات خۆیان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکەن و خۆراکی پێویست لە مالەکانیان عەمبار بکەن.

هەفتەی ڕابردوو حکومەتی چین داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد کە چەند توانایان هەیە بە ئەندازەی پێویست خۆراکی بنەڕەتیی و پێویست لە گۆشت و سەوزە و میوە و دانەوێڵە بکڕن بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک، کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا ڕووبەڕوویان بێتەوە، بێ ئەوەی کات و هۆکاری ئەو هۆشدارییە ڕونبکاتەوە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەوڵەکە نرخی شمەک و خۆراک لەو وڵاتە بە تایبەت ئەو خۆراکانەی کە پێویستی ڕۆژانەن، وەک سەوزە و گۆشت و میوە بە ڕێژەیەکی بەرچاوو نرخەکانیان بەرزبووە و دەستکەوتنی هەندێک مادەی خۆراکیش لە هەندێک ناوچەی ئەو وڵاتە بە تەواوی بووەتە کارێکی ئەستەم.

بەشێک لە سەرچاوە هەوڵییەکان باس لەوە دەکەن حکومەتی چین ترسی هەیە لە وەرزی زستان و لەگەڵ هاتنی سەرما، جارێکی تر پەتای کۆرۆنا بە بەهێزی لە چین سەرهەڵبداتەوە و ئەمەش دوبارە ببێتەهۆی ڕاگەیاندنی کەرەنتین و داخستنی دوکان و بازاڕ و ناوەندە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە هەر بۆیە حکومەت نایەوێت لەکاتی ڕودانی ئەم سیناریۆیە هاوڵاتیان وەک یەکەم شەپۆلی کۆرۆنا لە وڵاتەکە دوچاری کەمی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی ڕۆژانەیان ببنەوە

بەڵام هەندێک لە سەرچاوەی دیکە باس لەوە دەکەن کە ڕەنگە ئەم هۆشدارییەی دەسەلاتدارانی چین بۆ ئەو ناکۆکیانە بگەڕێتەوە کە ئێستا پەکین لەگەڵ تایوان هەیەتی، بەهۆیە جوڵەی بازرگانیی وەک پێوسیت نیە و ئەمەش وادەکات کە چین توشی قەیرانی خۆراکیی بێت بە تایبەت ئەو بەرهەمانەی کە لە تایوانەوە هاوردە دەکرێن .

پسپۆڕانی خۆراک و تەندروستیش باس لەوە دەکەن، ئەم هۆشدارییەی چین بێ بنەما نیەو پێشبینی دەکەن کە جارێکی تر لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشیوەیەکی تر و بەبەهێزی ڕوو لە وڵاتان بکاتەوە، بەو پێیەی چین یەکەم وڵات بوو کە ڤایرۆسەکەی تێدا دەرکەوت ئەو وڵاتە ئامادەکاریی دەکات تاوەکە لە کاتی گەڕانەوەی شەپۆلێکی نوێی کۆرۆنا، بە ئەندازەی جاری یەکەم کاریگەریی لەسەر بڕی خۆراکی هەڵگیراو لەو وڵاتە نەکات و بتوانرێت خۆراکی پێویست لە کۆگا و ماڵەکاندا هەڵبگیرێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک