پۆڵەتیک پرێس
لیژنەی ئامادەکاری خۆپیشاندەرانی ناڕازی دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە بەغدا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە سەبارەت بە “ساختەکاری” ئەنجامەکان.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، “ئەو ساختەکارییەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان روویدا کە بەسەرپەرشتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و کۆمسیۆن و دەوڵەتی ئیماراتی فیتنە ئەنجامدرا، لەلایەن جەماوەرەوە رەتکراوەتەوە”.
ئەوەش هاتووە، “دەرئەنجامی ئەو ساختەکارییە ئەم خۆپیشاندانەیە کە ئەمڕۆ لە نۆ پارێزگای عێراق دەستیپێکرد، ئەوانەی تێوەگلاون لەم ساختەکارییە و ئەو کەسانەش کە لەپشتیانەوەن، گوێیان لە دەنگی حەق نەگرت، بەڵکو دژی خۆپیشاندانی ئاشتیانەش وەستانەوە و تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد”.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، “بەرپرسیارێتی راستەوخۆی ئەوەی ئەمڕۆ روویدا دەدەینەپاڵ کازمی و عەبدول وەهاب ساعدی و حامد زوهەیری، کە بەهۆیانەوە دەیان هاوڵاتی کوژران و بریندار بوون”.
ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ هەینی لەبەردەم ناوچەی سەوز لە بەغدا، چەندین هاوڵاتی ناڕازی دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختە خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و بەهۆی پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانیش چەندین کەس برینداربوون و کەسێکیش گیانی لەدەستدا.