پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
هەریەكە لە فراكسیۆنی كۆمەڵ و یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان بڕیاریاندا بایكۆتی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان بكەن.
فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: بڕیاری بایكۆتی كۆبوونەوەی سبەینێی نێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكانمان داوە، چونكە سەرۆكایەتی پەرلەمان لە ئاستی كێشە و داواكاریی خەڵكی كوردستاندا نیە.
لە بەیاننامەكەشدا ئەوەیان خستووەتە ڕوو، ئێمە پێمانوایە پرسی گەندەڵیی و تاڵانكاریی “ڕێكخراو”ـی سامانی گشتیی، كۆچی بەلێشاوی خەڵك بۆ دەرەوەی وڵات كە خەریكە دەبێتە كارەسات، بێكاری و هەڵكشانی ڕێژەی هەژاریی و برسێتیی، مافی خوراوی فەرمانبەران و خەمی ئەو دەیان هەزار دەرچووەی زانكۆ و پەیمانگاكان لەپێشترن تا قسە و كۆبوونەوەی جدی لەسەر بكرێت .
لەلایەكی دیكەوە فراكسیۆنی یەكگرتوو بەشداری كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی سەرۆك فراكسیۆنەكان و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ناكات.
فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان بایكۆتی كۆبوونەوەی سەرۆك فراكسیۆنەكان و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەكات كە بڕیارە رۆژی چوارشەممە كۆبوونەوەكە ئەنجامبدرێت.
بڕیارە سبەی چوارشەممە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆببنەوە بە مەبەستی تاوتوێكردنی چەند پرسێك لە ناویاندا پرسی رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان، جگە لەو دوو فراكسیۆنە، فراكسیۆنی نەوەی نوێ و سەربەخۆكانیش بڕیاریانداوە بەشداری كۆبوونەوەكە نەكەن.