عێراق لێكۆڵینەوە لە پرسی ژەهرخواردكردنی بەرپرسانی یەكێتی دەکات

دەسەڵاتی ئەمنی عێراق لێكۆڵینەوەی كرد لە حاڵەتەكانی ژەهرخواردكردنی سێ كەسایەتی سیاسی پارێزگای سلێمانی لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستان و پارێزگای بابل لە خوارووی عێراق.

هەفتەی رابردوو دەسەڵاتی نێوخۆیی لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەلا بەختیار سەركردەی دیاری ناو حزبی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و كاندیدی پێشووی پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بۆ ساڵی 2018 ژەهرخوارد كراوە و گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەكی تایبەت لە شاری بەرلین لە ئەڵمانیا، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.

دوای چەند سەعاتێك لەو رووداوە، ئاشكرابوو كە وەستا حەسەن، بەڕێوەبەری پێشووی هێزەكانی ئاسایشی گشتی و سەركردەی ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەهەمانشێوە ژەهرخواردكراوە و لە قۆناغی چارەسەردایە، بەڵام دۆخی ناجێگیرە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی میدیا كوردییەكان بڵاویانكردەوە، مەلا بەختیار وتوویەتی، “بەدەستی هەڤاڵان ژەهرخواردكراوە”، كە مەبەستی ئەندامانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بووە.

لایخۆیەوە بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی و بابل سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لەو سێ رووداوەی ژەهرخواردكردنە، وتیشی، “وەزارەت بە دوو دڵییەوە دەڕوانێتە ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان داویانە كە باس لە هەوڵی كوشتن دەكەن لەپشت ژەهرخواردكردنی ئەو بەرپرسانەوە”.

گرنگە رێگری بكرێت لە هاتنە ناوەوەی ماددەی ژەهراوی بۆ ناو وڵات

باسی لەوەشكرد، هێشتا نەسەلمێنراوە ئامانجی كوشتن لەپشت ئەو ژەهرخواردكردنانەوە بووبێت، هێشتا گومان هەیە لەو حاڵەتانە، بۆیە چاوەڕێی شیكردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەت بە پشكنینی خوێن دەكەن بۆ زانینی ئەمە، جەختی لەوەشكردەوە، لێكۆڵینەوەكان هێشتا بەردەوامیان هەیە و كە تەواو بوون، ئەنجامەكانیان رادەگەیەندرێت.

لە بەرامبەردا ڕێبوار تەها، سەركردەی ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاند، “بەداخەوە دیاردەی كوشتن و هەوڵی كوشتن و ژەهرخواردكردن لە مێژووی عێراق بەگشتی و لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، دیاردەیەكی نوێ نییە و كۆنە، دەبێت هێزە ئەمنییەكان گیانی عێراقییەكان لە عێراق و كوردستانیش بپارێزن لەم هەوڵانە”.

ڕێبوار تەها جەختی لەوەشكردەوە، گرنگە رێگری بكرێت لە هاتنە ناوەوەی ماددەی ژەهراوی بۆ ناو وڵات، وتیشی، “دەستی پیس لەپشت هەوڵی كوشتن بە ژەهرەوەن لە هەرێمی كوردستان و عێراق”.

كەسایەتی سێیەم، یاسر حوسەینییە كە كاندیدی سەربەخۆی سەركەوتووی هەڵبژاردنی عێراق بوو، كاتێك خۆی و خێزانەكەی ژەهرخوارد كران و یەكێك لە منداڵەكانیشی گیانی لەدەستدا.

حاڵەتەكانی ژەهرخواردكردن دژی سیاسی و خێزانەكانیان لە سلێمانی دەستیپێكرد و گەیشتە بابل

لایخۆیەوە سادق موحەنا ئەندام پەرلەمانی پێشووی عێراق لەسەر پارێزگای بابل رایگەیاند، یاسر حوسەینی بە یەكێك لە كەسایەتییە سەربەخۆكان دادەنرێت كە ناو و ناوبانگێكی باشی هەبوو و توانی دەنگێكی زۆری هەڵبژاردنەكان بەدەست بهێنێت، جەختی لەوەشكردەوە، هێشتا هیچ زانیارییەك لەسەر حاڵەتەكەی یاسر حوسەینی یەكلانەكراوەتەوە، بەڵام رێی تێدەچێت هەوڵی كوشتن بووبێت، چونكە سیاسییەكان هەموو شتێكیان لەدەستدێت، هەر لە ساختەكارییەوە هەتا كوشتن و بابەتی دیكەش.

موحەنا دەشڵێت، “حاڵەتەكانی ژەهرخواردكردن دژی سیاسی و خێزانەكانیان لە سلێمانی دەستیپێكرد و گەیشتە بابل، بەدڵنیاییەوە لە بابل كۆتایی پێنایەت، جەختی لەوەشكردەوە، ئەوەی لە بابل روویدا هێشتا نەسەلمێنراوە تاوانكاری بووە، بۆیە نابێت پەلە بكرێت لە دەركردنی هیچ حوكمێك.

لەلایەكی دیكەوە عەلی تەمیمی شارەزای بواری یاسایی باس لەوەدەكات، بەگشتی تاوانی ژەهرخواردكردن لەلایەن ئەو كەسانەوە ئەنجام دەدرێت كە نزیكن لە كەسی ژەهرخواردكراو.

بەپێی قسەی عەلی تەمیمی سزای تاوانی ژەهرخواردكردن هەندێكجار دەگاتە لەسێدارەدانیش، لە حاڵەتێكدا كە ئامانجی ئەو كەسەی تاوانەكە دەكات كوشتنی كەسی ژەهرخواردكراو بێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا