پارتی بەگۆڕانكارییەكانی دهۆك كێشە دروست دەكات

پۆڵەتیك پرێس:
ئەو گۆڕانكارییانەی لەئیدارەی پارێزگای دهۆك كراوە، كاردانەوەی دروست كردووەو لەناو چەند عەشیرەتێكی ناوچەكەش بووەتە هۆی دروستبوونی كێشە.

ماوەی رابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بڕیاریدا بەگۆڕی 6 بەرێوەبەری گشتی‌و 25 سەرۆك شارەوانی، كە ئەو بەرێوەبەرە گشتی‌و سەرۆك شارەوانییانە سەرجەمیان پشكی پارتین‌و ئەو پارە كاندیدەكانی بۆ یەكلاكردوونەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسنووری پارێزگای دهۆك دراوە بە “پۆڵەتیك پرێس”، ئەو گۆڕانكارییانەی لەسنووری ئیدارەی دهۆك كراون، كێشەی دروست كردووە، كە كێشەكەش پەیوەندی بەململانێی عەشیرەتەكانی ناوچەكەوە هەیە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بەشێك لەعەشیرەتەكانی سەر بەپارتی نیگەرانن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەو گۆڕانكارییانە هیچ پشكێكیان بەرنەكەوتووەو داوا دەكەن، ئەوانیش پشكیان پێبدرێت.

شنۆ ئەشقی پەرلەمانتاری یەكێتی لەدەڤەری بادینان لەو بارەوە بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: پارتی لە نێوان عەشیرەتەكان جیاوازی دەكات بەپێی نزیك و هاوسۆزیان بۆ ئەو حیزبە پۆستەكانان بەسەردا دابەش دەكات.

شنۆ عەشقی وتیشی: لەدەڤەری بادینان بە گشتی و شاری دهۆك بەتایبەت هاووڵاتییان نارازین لەشێوازی بەرێوەبردنی ئیدارەی ناوچەكە، بەم گۆڕانكارییانەش ناتوانرێت چارەسەری كێشەكانی ئەو ناوچەیە بكرێت،

پارتی لەسنووری بادینان سود لە عەشیرەت و لایەنگرانی خۆی وەردەگرێت ‌و كەسانی مەدەنی و بێ لایەن ناتوانن هیچ بەرپرسیارییەكی ئیداری وەربگرن لەناوچەكەدا.

لەو بارەوە خەتاب عومەر، چالاكەوانی مەدەنی لەشاری دهۆك بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: حیزبی دەسەڵاتدار لەكەسانی ئەكادمی و زانستی دەترسێت، بۆیە رێگە بەخەڵكانێكی مەدەنی و شارەزا نادات كار بكات و بەشداری بەڕێوەبردنی ئیدارەی ناوچەكەبن،

ئەو چالاكە وتیشی: ئەو كادرانەی پارتیش، كە بڕوانامەیان هەیە، هیچ شارەزاییەكیان بۆ بەڕێوەبەردن نییەو بەو هۆیەشەوە، خەڵكی ناڕازین لەئیدارەدانی سنوورەكە.

پارتی دیموكرات تەنیا رێگەی بەیەكگرتووی ئیسلامی داوە بەشداری لەئیدارەی خۆجێیی پارێزگای دهۆك بكات، لەكاتێكدا یەكێتی نیشتمانی لەو سنوورە خاوەن كورسی ئەنجوومەنی پارێزگایە، بەڵام رێگەنادات هیچ پۆستێك وەربگرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا