هەڵوێستی عێراق دەربارەی زیادكردنی نەوت لەلایەن وڵاتانی ئۆپێكەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، هەرچەندە ئاماژەكان بۆئەوەدەچن خواست لەسەر نەوتی خاو لە وەرزی زستاندا زیاتربێت، بەڵام عێراق بە پێویستی نابینێ هیچ بڕیارێكی نوێ بدرێت بۆ زیادكردنی بەرهەمی نەوتی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، رۆژی شەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئەوەی خستەڕوو، ئاماژەكانی بازاڕی نەوت و گاز لە رۆشنایی بەرزبوونەوەی نرخی گاز و خەڵووز بە تایبەت لە ئەوروپا و ئاسیا، كە بەهۆی كەمبوونی گاز و خەڵووز سەریهەڵداوە، رەنگە لە وەرزی زستاندا ببنەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر نەوتی خاو.

ئەوەشخراوەتەڕوو، عێراق باوەڕی وایە ئەو زیادەیە كە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ رۆژانە دەگاتە یەك ملیۆن بەرمیل و بەرامبەر دەبێت لەگەڵ زیادبوونی خواست لەسەر نەوتی خاو و لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی جێگیربوونی بازاڕی نەوت.”

وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاند: “عێراق بە پێویستی نابینێ هیچ بڕیارێكی نوێ بدرێت بۆ زیادكردنی بەرهەمی نەوتی وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی ئۆپێك”.

نرخی نەوتی خاوی برێنت لە جیهان لەم مانگەدا ئاستێكی پێوانەیی تۆماركرد و نرخی هەر بەرمیلێكی گەیشتە سەرووی 83 دۆلار، ئەوەش نرخێكە هێندە بەرزە، كە بۆ یەكەمجارە لە كۆتایی ساڵی 2014 وە تۆمار دەكرێت.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی جۆرەكانی دیكەی وزە، وەكو گازی سرووشتی، خەڵووز، كارەبا ئەوانەش بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو.

رێكخراوی ئۆپێك و وڵاتانی هاوپەیمانی لە ئۆپێك پڵەس لە مانگی ئابی 2021 وە بەرهەمی رۆژانەیان بە بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوت زیاد كردووە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک