پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كۆبووەوە و لەبارەی پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بڕیاریدا بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق نەكات.
رۆژی پێنجشەممە 28-10-2021 ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی كرد، لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی ناوەندی لە بەغدا بڕیاریانداوە بە بەشدارینەكردن، هاوكات رایانگەیاندووە، خەبات و بەرگریكردن لە مافە رەواكانی گەلەكەمان بە ئەركی خۆمان دەزانین و نایبەستینەوە بە بەشداربوون و وەرگرتنی شایستەی هەڵبژاردنی حیزبی خۆی لە حكومەتی ناوەند.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ئەگەر و پێشهاتەكانی دوای هەڵبژاردن تاووتوێ كراوە و جەخت لەسەر “سیاسەتی نەگۆڕ و مەبدەئی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كراوەتەوە، كە داكۆكیكارێكی بەهێزی پارێزگاریكردنە لە پێگەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان، هەروەك گەڕاندنەوەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بۆسەر هەرێمی كوردستان بە ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی دەزانێت، نوێنەرەكانیشی لە بەغدا بەردەوام لەو بوارەدا پێشەنگ بوون و بەرگریكارێكی بوێر و دڵسۆزی مافە دەستوورییەكانی گەلەكەمان بوون، لە ئێستا و ئاییندەشدا درێژەپێدەری هەمان رێباز و سیاسەتی نەگۆڕی یەكگرتوو دەبن”.
رۆژی 10-10-2021 لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەچوو، دەنگدەران دەنگیاندا بۆ هەڵبژاردنی 329 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. چوارپاڵێوراوی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان توانییان سەركەوتن بۆ ئەنجوومەنەكە بەدەستبهێنن.