پێشمەرگە و سوپای عێراق هەنگاوەكانی پێكهێنانی دوو لیوا هاوبەشەكەیان تاوتوێكرد

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

شاندی باڵای هەماهەنگی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە هاوبەشەكانی عێراقی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كۆبوونەوە و چەند تەوەرێكی جێگەی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە كرا بەتایبەتی باس لە دوایین هەنگاوەكانی دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش كرا، لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراقی.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، رۆژی سێشەممە 26_10_2021، شاندی باڵای هەماهەنگی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆكایەتی فریق جەمال محەمەد سەرۆكی ئەركان و شاندی باڵای هێزە هاوبەشەكانی عێراق بەسەرۆكایەتی فەریق اول ركن عبدالامیر الشمری جێگری فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عێراق لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، كە بەئامادەبوونی هێزەكانی هاوپەیمانان بەڕێوەچوو، باس لە دوایین هەنگاوەكانی دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش كرا، لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراقی، كە ئەركی ئەم دوو لیوایە تایبەت دەبێت بە پڕكردنەوەو ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە بۆشایی ئاسایش نێوان هێزەكانی پێشمەرگەو سوپای عێراقی لەناوچە جێناكۆكەكان، هەروەها باس لەبەڕێوەچوونی كارەكانی بنكەكانی هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان هەردوولا كرا.

لەتەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، تاوتوێی سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و سەركەوتنی پلانی ئاسایشی هەڵبژاردن كرا.

لای خۆیانەوە، هێزەكانی هاوپەیمانان بەڵێنیاندا، كە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی كردنی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكانی عێراقی بەتایبەت بۆ دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک