پۆڵەتیک پرێس
ماسیگرێک لە هۆڵندا سەرسام بوو بەگرتنی ماسییەکی سەیرو سەمەرە کە قەبارەیەکی گەورە و ڕەنگێکی زەردی گەشاوەی هەبوو، ماسییەکە هاوشێوەی مۆزێکی گەورە دەردەکەوێت، ئەمەش بووە هۆی سەرسامبوونی ماسیگرەکە.
ماسیگر مارتن گلیتز لەگەڵ خوشکەکەی لە دەریاچەیەکەی بچووکدا ئەم ماسیەیان دۆزییەوە، بۆیان دەرکەوت ئەم ماسیە لەجۆری ماسی پشیلەی وێڵزیە کە جۆرێکی زۆر قەبارە گەورەن و لەسەرجەم دەریاچە و ڕووبارەکانی ئەوروپادا دەژین، گلیتز وتی: لەژیانمدا زۆر ماسیم لەجۆری پشیلەیی بینیوە، بەڵام تا ئێستا هاوشێوەی ئەم ماسییەم نەبینیوە بۆیە بەیارمەتی خوشکەکەم وێنەیەکم لەگەڵ ماسیەکەدا گرت و پاشان خستمەوە ئاوەکە بەهیوای ئەوەی زیاتر گەشە بکات و گەورە بێت.
ئیدارەی ئۆقیانوس و ئەتمۆسفێری نەتەوەی ئەمریکا ڕایانگەیاند: بەدەگمەن ماسی پشیلەی دەبینرێت بەڕەنگی جیاواز لە ڕەنگە سەرەکیەکانی خۆی کە خۆڵەمێشی یان سەوزێکی تۆخە لەگەڵ چەند خاڵێکی زەرد، بۆیە ئەو ماسیەی ماسیگرە هۆڵندیەکە گرتبووی لەوانەیە نەخۆشی لۆسیزمی هەبێت کە تێکچونێکی بۆماوەیی دەگمەنە.