لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكێتی وەڵامێكی توندی پارتی دەداتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لیژنەی باڵای راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان/كەركوك وەڵامی قسەی ئەو بەرپرسانەی پارتی دەداتەوە كە باس لە پۆستی پارێزگاری كەركوك دەكەن وەكو پشكی پارتی و رایگەیاند، ئەو پۆستە پشكی كوردە و لەناو كوردیشدا پۆستی یەكێتییە.

لە راگەیەندراوێكدا لیژنەی باڵای راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان/كەركوك رایگەیاند: سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری كەركوك، وێڕای جەختكردنەوەمان كە ئەو پۆستە پشكی كوردە و لەناو كوردیشدا پۆستی یەكێتییە، داوا لە هەموو حزب و لایەنە كوردستانییەكان دەكەین لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی نیشتمانی كۆببنەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، بە تایبەتیش داوا لە بەرپرسانی پارتی دەكەین بەم هەڵوێستەیان نەبنەوە رێگر لە بەردەم بەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك وەك لە رابردوودا كردیان.

دەقی راگەیەندراوەكە:

لە دوای كۆتاییهێنانی پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەركەوتنی ئەنجامەكانی، چەند بەرپرسێكی پارتی بانگەشەی ئەوە دەكەن كە پارتی دەنگی یەكەمی كەركوكی بەدەستهێناوە، بۆیە دەبێت پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ ئەوان بێت!

لێرەوە دەمانەوێ رای گشتی و كەركوكییە دلێرەكان لەم چەواشەكارییانە ئاگادار بكەینەوە كە ئەو قسەو بانگەشانەی پارتی دەیانكات هیچ راستییەكی تێدا نییە، چونكە دەنگە بەدەستهاتووەكانی یەكێتیی و پارتی ئەو راستییە دەسەلمنێت كە كام لایەنە دەنگی یەكەمە لە كەركوك!

بەپێی دوا ئاماری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، پارتی لە كەركوك تەنها (49631) دەنگی بەدەستهێناوە، لە كاتێكدا یەكێتیی (82380) دەنگی بەدەستهێناوە، لە كاتێكدا ئەو دەنگانەی كە ئەندام و لایەنگرانی یەكێتیی لە دەرەوەی لیستی یەكێتی بەدەستیان هێناوە ئەژمار بكەین ژمارەی دەنگەكانی یەكێتیی زۆر لەوە زیاترە كە باسمان كرد. بۆیە لە بەرامبەر راستی و دروستی ئەم ژمارانەدا عەیبەیەكی گەورەیە بەرپرسانی پارتی بڵێن ئێمە دەنگی یەكەمین لە كەركوك، ئەگەر هاتباو تەكنیك و سیستمی هەڵبژاردن رێگر نەبوایە لە بەردەم پڕۆسەكە، لانی كەم یەكێتیی (5) كورسیشی بەدەست دەهێنا.

سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری كەركوكیش، وێڕای جەختكردنەوەمان كە ئەو پۆستە پشكی كوردە و لەناو كوردیشدا پۆستی یەكێتییە، داوا لە هەموو حزب و لایەنە كوردستانییەكان دەكەین لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی نیشتمانی كۆببنەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، بە تایبەتیش داوا لە بەرپرسانی پارتی دەكەین بەم هەڵوێستەیان نەبنەوە رێگر لە بەردەم بەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك وەك لە رابردوودا كردیان، لە كاتێكدا لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەیتوانی ئەو پۆستە بۆ كورد وەربگرێتەوە، بەڵام! بەرپرسانی پارتی بوونە رێگر لە بەردەم ئەو هەنگاوە نیشتمانی و نەتەوەییە و جارێكی تر بوونەوە مایەی مانەوەی ئەم پارێزگارە سەپێنراوەی كەركوك لە پۆستەكەی!.

لیژنەی باڵای راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان/كەركوك
23-10-2021

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا