سزادراوێكی بادینان لە زیندانەوە: ئەوانەی دەستگیریان كردین ئامانجەكەیان نەپێكا

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

گوهدار زێباری دوای ساڵێك لە مانەوەی لەزیندان پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت ئەوانەی دەستگیریانكردوون ئامانجیان نەپێكا لە زیندانیكردنیان و سوپاسی ئەو كەسانەش دەكات كە بەرگری لە دەستگیركراوانی بادینان كردووە.

گوهدار زێباری رۆژنامەوانی سزادراوی بادینان لەدوای ساڵێك لە دەستگیركردنی پەیامێك لە زیندانەوە بڵاو دەكاتەوە و تیایدا دەڵێت “سلاوێكێ بوێرانە لە زیندانێكی قۆڵ و دابڕاو بۆ میللەتێكی ستەملێكراو لەدەست دەسەڵاتێكی نەبان و زاڵم، لێرە جوانترین شت قەدەغەیە ئەویش قەڵەمە بۆیە ناچارم بە پارچە زنجیرێك ئەم پەیامە بنوسم”.

ئەو دڵنیا نییە لەوەی نوسینەكەی بڵاو دەبێتەوە یان نا بۆیە دەڵێت “ئەگەر بگاتە دەستی ئێوەش دوای بڵاو بونەوەی دڵنیا نیم لە سەلامەتی ژیانی خۆم بەڵام بەلای عاشقەوە گرنگ نیە ئەوەی دێتە ڕێگای بۆ گەیشتن بە مەعشوقەكەی، چونكە ئێمە پاشماوەی خوێنی قەڵەمین بۆیە دەبێت دێڕە تەواو نەكراوەكان تەواو بكەین و گوتارە بچراوەكانیش بەردەوامی پێ بدەین.

نوسینی ئەو رۆژنامەنوسەی كە بە شەش ساڵ زیندانی لەگەڵ چوار هاوكار و هاوڕێدا لەلایەن دادگای دووی هەولێرەوە سزا دراوە دەشڵێت: ئێمە لێرەین چونكە پەنجەمان بۆ سەرەداوەكانی گەندەڵی درێژكردووە وچاومان خستوەتە سەر گردەكانی ئەم وڵاتە كە بەلای ئەوانەوە عەورەتە و نەزەری حەرامە، بەڵام بەلای ئێمەوە حەق و مافە، قسەمان لەسەر كومەڵێك كەس كردووە كە بەلای ئێمەوە مروڤن و قابیلی رەخنەن، بەڵام بەلای ئەوانەوە پیروز و قدوسن، لە رێزی خوادوەندەكانن، بۆیە دەبێت قسە بكەین ھەتا ھەموو شتێك دەچێتەوە قەبارەی خۆی”.

گوهدار باس لە سزاكەیان دەكات و دەڵێت “زۆر داخ لە دڵن بەئێمە بۆیە شەش ساڵ سزای ئێمە یان داوە دیاریش نیە ئاخۆ ئەم سزایە داخی دڵیان دادەمركێنێت یان تینوی سزای زیاترن، چونكە دارەكە خراپ لەسەریان شكایەوە ھەر دەستگیركردنی ئێمە خۆی بەخۆی سەركەوتنی ئێمە بوو، چونكە ئەوان مانگانە ملیونان دۆلار لە میدیا و سۆشیال میدیا خەرج دەكەن و ھەزارەھا موچە خۆر بەناو نوسەر و رۆژنامەنووس وفلان و فیسار ھەن كەچی قودرەتی ئەوەیان نەبوو بە گوتار بە قەڵەم وگفتوگۆ و مێزگرد وەڵامی ئێمە بدەنەوە”.

باس لەوەش دەكات كە ئەوانی دەستگیریانكردوون دۆڕاون و بە تۆمەت و قسەی ناڕاست دەیانەوێت ڕاستییەكان بگۆڕن هەر بۆیە دەشڵێت “دڵنیابن ناتوانن حەقیقەت بگۆرن و ڕاستی بەڕێگای خۆی دەڕوات،خاڵێكی تری دۆڕانی ئەوان ئەوە بوو دەیانویست بادینان بترسێنن و ملكەچی خۆیانی بكەن، بەڵام بادینان ئەم جارە گرێی نێوان سوران و بادینانی كردەوە و بەستەلەكی نێوان سلێمانی و دھۆكی شكاند”.

ئەو زیندانیكراوەی بادینان جەختلەوە دەكاتەوە كە مەبەستیان بوو قەڵەمە بوێرەكانی بادینان بشكێنن “بەڵام بەم كارەی ئەوان ھەڤاڵانی ئێمە نەك تەنها لە بادینان بەڵكو لە سەرانسەری جیھان وەكو سیمبولی ماف و ئازادی بۆ نەتەوەیەك ناسێنران”.
لە كوتایی پەیامەكەیدا گوهدار زێباری ستایشی ئەو كەسانە دەكات كە پشتیوانیان كردووەن دەڵێت “بەرامبەر بە ھەڵوێستی ھەر كەسێك لە ھەر شوێنێك لەھەر پلە و پۆستێك لەھەر نەتەوەیەك بۆ پشتیوانی ئێمە خۆمان دەچەمێنینەوە و ڕێزی لێ دەگرین زۆر سوپاس”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا