ئۆبامای کوردان چۆن بووە دوژمنی ئەردۆغان؟

پۆڵەتیک پرێس
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان، کە ماوەی چوار ساڵە دەستگیرکراوە، چۆن بووە دوژمنی ئەردۆغان؟

لەڕاستیدا، دەمیرتاش پێشتر لەلایەن دادگاوە ئازادکرا، بەڵام جارێکی دیکە فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن دادگایەکی دیکە بۆ دەرچوو بەر لەوەی ئازاد بکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، دادگای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ چەندین جار وتویەتی بەندکردنی دەمیرتاش پێشێلکاری مافەکانێتی، بەڵام دادگای تورکیا بڕیارەکانی دادگای ئەوروپی پشتگوێخستووە.

ساڵانی گەنجێتی دەمیرتاش وەک بەرگریکارێکی مافەکانی مرۆڤ مامەڵەی کرد، لە ساڵی ٢٠٠٦ کاتێک سەرۆکی کۆمەڵەی دیاربەکر بوو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە تورکیا ناوبانگی بۆ خۆی دروستکرد لەبواری روبەڕوبوونەوەی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ.

شێوازی پیشەگەرانەی وەک بەڕێوەبەری لقی تورکیا لە هەریەکە لە رێکخراوەکانی لێبوردنی نێودەوڵەتی و دامەزراوەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا، دەمیرتاشیان گۆڕی بۆ کەسایەتییەکی سیاسی دیار.

ساڵی ٢٠١٠ چالاکییەکانی لەناو بزوتنەوەی سیاسی کورد، بووەهۆی ئەوەی ببێتە سەرکردەی پارتی دیموکراتی گەلان لە تورکیا.

بەپێچەوانەی سەرکردە کوردەکانی پێش خۆی، دەمیرتاش تایبەتمەندی ئەوەی هەبوو سیاسەتێکی دادەنا تەنیا پەیوەست نەبوو بە دۆسیەی کوردەوە، بەڵکو پەیوەست بوو بە خەڵکی گشتی تورکیا.

هەر ئەمەش هۆکار بوو پارتی دیموکراتی گەلان لەژێر دەستی ئەودا توانی ٪١٠ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و ببێتە خاوەنی کورسی لە پەرلەمانی تورکیا.

سەرکەوتنی دەمیرتاش لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ سەرەتایەک بوو بۆ سەرهەڵدانی زەنگێکی ئاگادارکردنەوە دژبە دەمیرتاش.

دەمیرتاش یەکەم سەرکردەی سیاسی بوو لەسەر ئەردۆغان هاتەدەنگ و وتی: “ناتکەین بە سەرۆک”

کاتێک تورکەکان دەنگیاندا بە سیاسییەکی کورد، هاوسەنگی سیاسی لە تورکیا بەتەواوەتی گۆڕا.

ئەوەبوو لەو هەڵبژاردنەدا پارتی دیموکراتی گەلان توانی شەش ملیۆن دەنگ بەدەستبهێنێت و ئەمەش لێدانێکی چاوەڕوان نەکراو بوو بۆ ئەردۆغان.

جەماوەر بەشێوەیەکی ئەرێنی وەڵامدانەوەیان بۆ قسەکانی دەمیرتاش هەبوو دژی زۆردارییەکانی ئەردۆغان، بۆیە لەوکاتەدا پارتی داد و گەشەپێدان چانسی ئەوەی لەدەستدا حکومەتی نوێ بەتەنیا پێکبهێنێت، ناچار هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا دروستکرد بۆ مانەوە لە دەسەڵات.

ئەردۆغان دەیزانی دەمیرتاش شوێنی عەبدوڵـڵا ئۆجەلانی گرتووەتەوە و کاریگەری گەورەی لەسەر دەنگدەرانی کورد داناوە، بۆیە بیری لەوەکردەوە، وەکچۆن عەبدوڵـڵا ئۆجەلان لە زینداندا دەستبەسەر کرا، دەمیرتاشیش بەهەمان شێوە زیندان بکرێت.

ئەردۆغان دەیزانی پارتی داد و گەشەپێدان لەدوای هەڵبژاردنی حوزەیرانی ٢٠١٥ هێزی خۆی لەدەستداوە و دەمیرتاش هۆکاری سەرەکی ئەو شکستە بووە.

لەکاتێکدا تورکیا ئامادەکاری دەکرد بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەردۆغان چەکی بەڕووی کوردەکاندا بەرزدەکردەوە، لەو ژمارەیەی گۆڤاری نوکتا کە لە ١ی ئایاری ٢٠١٥ دەرچوو، وێنەیەکی ئەردۆغان بڵاوکرابووەوە تیایدا دەردەکەوێت بۆمبێکی دەستی بە دەستەوەیە، گۆڤارەکە ئاماژە بەوە دەکات، کڕینی ئەو بڕە زۆرەی چەک هێمایەکە بۆ کۆتاییهاتنی پڕۆسەی ئاشتی نێوان دەسەڵات و کوردەکان و هەڵگیرسانی شەڕ لە شارە کوردییەکان.

پێشتر ئەردۆغان بینیبووی چۆن پارتەکەی بڕێکی زۆر جەماوەری لەدەستداوە، بۆیە لە کۆتاییدا هەر ئەوە روویدا و شەڕ هەڵگیرسا.

لەردوای ئەوەوە، چیتر ئەردۆغان وەک هاوبەشێک لە کوردەکانی نەدەڕوانی، راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکان، ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچە کوردییەکانی تورکیا دەستیپێکرد و هەزاران هاوڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی و سەدان هەزاری دیکەش ئاوارە بوون.

هێشتا دەمیرتاش مەترسی لەسەر ئەردۆغان دروست دەکرد، بەهۆی ئەو شەڕ و پێکدادانەی ناو شارە کوردییەکانیش، وردە وردە کوردەکان توڕە بوون نەک تەنیا لە دەوڵەتی تورک بەڵکو لە پارتی کرێکارانی کوردستانیش.

ئەوان بڕوایان بە پڕۆسەی ئاشتی هەبوو، بەڵام دوای ئەم ڕووداوە بێهیوا بوون، هەرچەندە دەمیرتاش کە هەموو هەوڵێکی دەدا بۆ هێشتنەوەی ئاشتی و ئاگربەست، نەچووەژێر کاریگەری ئەو بێهیواییەی دروست بووبوو.

دەمیرتاش لەتوانایدا بوو سیاسەتەکان لە بەرژەوەندی خەڵکی گشتی دابڕێژێتەوە، ئاشکرا بوو لەگەڵ زیادبوونی لەشکرکێشییەکانی ئەردۆغان، جەماوەری دەمیرتاش تابێت زیاددەکات.

بۆیە، ئەردۆغان پەنایبردە بەر دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانییەکان بەشێوەی یاسایی و نایاسایی و دەمیرتاشیشی کردەئامانج کە وەک دوژمنێکی نوێ بۆ دەسەڵاتەکەی دەیبینی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا