وەزارەتێک بەشێوازی ئەلكترۆنی مووچە دابەش دەکات

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، قۆناغێكی دیكەی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتەكەیان ئەندامدراوە و لیوای یەكی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بەشێوازی چەكی بانكی مووچەكانیان وەردەگرن.

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: لە ئەنجامی كاری بەردەوام و هەوڵەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ بەجێ گەیاندنی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە وەرگرتنی مووچە بە شێوازی چەكی بانكی، لەلایەن لیوای یەكی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغێكی تری پرۆسەی چاكسازی كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: رۆژی پێنج شەممە 21 ی ئۆكتۆبەری 2021، عەمید توانا سدیق بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری سەربازی، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ عەمیدی ئەندازیار نەبەز سەلاح بەڕێوەبەری چاكسازی، بەئامادەبوونی كۆڵۆنێڵ پاوڵ ڤۆس راوێژكاری سەربازی وڵاتی هۆڵەندا و تیمی بەئەلیكترۆنی كردنی مووچەی پێشمەرگە.

لەم كۆبونەوەیەدا، بە ئەنجام گەیشتنی قۆناغێكی نوێی پرۆژەی چاكسازی راگەیەندرا، لەم مانگەوە لیوای یەكی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە مووچەكانیان بە شێوازی چەكەی بانكی وەردەگرن، لەداهاتووشدا لیواكانی دیكەی وەزارەت بە هەمان شێوازی چەكی بانكی مووچەكانیان وەردەگرن.

ئەوەشخراوەتە ڕوو، پرۆسەی بەچەك كردنی مووچە یەكێكە لە قۆناغە گرنگەكانی ئەم پرۆژەیە، كەتاكو ئێستا لە یەكە ئیداریەكانی وەزارەتی پێشمەرگە جێ بەجێكراوە، لەم قۆناغەدا، لیوای یەك داخڵی ئەم سیستەمە بووە و سەرجەم ئامادەكارییەكانی پێویست بۆ ئەم پرۆژەیە لەڕووی رێكخستنی كارەكان وهەماهەنگی كردنی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ بانكەكان رێكخراوە، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری سەربازی.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک