قەتەر ئۆفەرێک دەخاتەبەردەست نێچیرڤان بارزانی بۆ چونە پاڵ نوری مالکی

پۆڵەتیک پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئێران لەڕێی قەتەڕەوە فشار دەخاتەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان تا پشتیوانی کوتلەکەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، نوری مالکی بکات بەمەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، وەبەرهێنانەکانی قەتەڕیش لە کوردستان ئامرازێکی دیکەی سیاسی ئێرانە بۆ پێکانی ئەم ئامانجە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “العرب” ئێران لەناو پارتە کوردییەکانی عێراق هەژموونی نییە و پارەشی نییە تا وەبەرهێنان لە کوردستان بکات، بەڵام ئەمە واتەی ئەوە ناگەیەنێت کە نەتوانێت بە ئامراز و رێگەی دیکە لە کوردستان فشار دروست بکات.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە خاوەنی 32 کورسییە لە پەرلەمانی نوێی عێراق، لە توانایدایە بڕیاربدات کام کوتلەی شیعە حکومەتی داهاتووی عێراق پێکبهێنێت.

ئێران دەیەوێت پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانی ئەو کوتلەیە بکات کە لەلایەن نوری مالکییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

لێرەوە بانگهێشتنامەکەی ئەمیری قەتەڕ شێخ تەمیم بن حەمەد بۆ سەرۆکی هەرێم هاتە ئاراوە، وەک هەنگاوێک بۆ پشتیوانیکردنی میلیشیاکانی سەربە ئێران بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە عێراق، هەرچەندە ئەمە یەکەمجار نییە میلیشیاکان لەلایەن قەتەڕەوە پاڵپشتی دەکرێن.

شێخ تەمیم بن حەمەد و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەوحە، گفتوگۆیان کرد لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەلی وەبەرهێنان تا لەڕێیەوە قەتەڕ بتوانێت بێتە کوردستان و بە ئەرکە شاراوەکانی دیکەی هەستێت.

لە کۆبوونەوەکەیاندا هەردوولا رێککەوتن لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان و گفتوگۆیان کرد لەسەر رەخساندنی هەلی سەرمایەداری و وەبەرهێنانی قەتەڕ لە هەرێمی کوردستان و دواتریش بەرەو عێراق، جگە لەوەش گفتوگۆیان کرد لەسەر هەنگاوەکانی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی قەتەڕ لە هەولێر.

لەلایەکی دیکەوە عومەر بەرزنجی، باڵیۆزی عێراق لە قەتەر رایگەیاند، قەتەر چاوەڕوانی ئەوەیە دەرفەتی راستەقینەی بۆ بڕەخسێت تاوەکو وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکات.

بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگتر لە دیدارەکەی ئەمیری قەتەڕ و سەرۆکی هەرێم، بابەتی داهاتووی پڕۆسەی سیاسی و هەڵوێستی کوردەکان بوو لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، بەتایبەتی کە ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان نەبێت، کوتلەی موقتەدا سەدر هەلی پێکهێنانی حکومەتی نابێت.

بەیانی رۆژی 16 ی کانونی یەکەمی 2015، 28 ئەندامی کۆمەڵەیەکی ڕاوکردن دەستگیرکران کە لەنێویاندا چەند ئەندامێکی خێزانی فەرمانڕەوای قەتەڕ هەبوو، ئەوەبوو شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان کە لەوکاتەدا خەریک بوو دەبووە وەزیری دەرەوەی قەتەڕ، نامەیەکی نارد بۆ باڵیۆزی قەتەڕ لە عێراق تیایدا نوسی: “جاسمی کوڕی مامم و خالدی مێردی پورم هیچ هەواڵێکیان نییە و گەر هەواڵت دەستکەوت بەخێرایی ئاگادارم بکەرەوە”.

کاتێکیش ئەمریکا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی سوپای پاسدارانی ئێرانی لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی 2020 کوشت، ئەمیری قەتەڕ لە 13ی هەمان مانگ سەردانی ئێرانی کرد بەمەبەستی هێورکردنەوەی ئێران، بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، لەو سەردانەدا کە یەکەمجار بووە شێخ تەمیم بن حەمەد چاوی بە عەلی خامنەیی، رابەری بەڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بکەوێت دیارییەکی بەبەهای 3 ملیار دۆلار پێشکەش کرد.

چاودێران دەڵێن، هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەو کوتلە شیعەیەی بڕیارە حکومەتی داهاتووی عێراق یەکلایی بکاتەوە، کاتێکی زۆری ناوێت تا ڕوونیبکاتەوە سروشتی ئەو وەبەرهێنانە چییە کە قەتەڕ دەیەوێت لە کوردستان بیکات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا