پۆڵەتیك پرێس:
وتەبێژی كۆشكی سپی ئەوەی ئاشكراكردووە، ئەمریكا بەشداری ناكات لە پڕۆگرامەكەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینی كۆرۆنا.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویكردەوە، جۆد دییەر جەختی لەوەش كردووەتەوە، وڵاتەكەی بەتەنیا هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ڤاكسین دەداتو بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكانی دەكات.
پێشتر ئیدارەی ترەمپ تۆمەتی ئەوەی دابووە پاڵ رێكخراوی تەندروستیی جیهانی كە لەژێر كاریگەری چین بڕیار دەدات و هەر بەو پاساوەیش واشنتۆن لە 29ی ئایاردا كۆتایی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ رێكخراوەكە هێنا.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا پڕۆگرامێكی بەناوی “Covax” راگەیاندووەو لەچوارچێوەی پڕۆگرامەكەدا، گفتوگۆ لەگەڵ زیاتر لە 170 وڵات دەكرێت و هەریەكە لە ئەڵمانیا و ژاپۆن، كە هاوپەیمانی ئەمریكان پشتیوانی خۆیان بۆ پڕۆگرامەكە راگەیاندووە.
ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، كە لە كۆتایی ساڵی رابردوودا لە چین دۆزرایەوە تائێستا بە زیاتر لە 200 وڵاتدا بڵاوبووەتەوە، زیاتر لە 26 ملیۆن كەس لە جیهاندا تووشی ڤایرۆسەكە بوون و زیاتر لە 861هەزار كەسیش بەهۆی ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە.