كورد بەلاوازی چووەوە بەغدا

پۆڵەتیك پرێس:
سێ‌ ساڵ پێش ئێستا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی بەرپرسانی پارتی دیموكرات سەرگەرمی بانگەشەكردن بوون بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، بەڵام ئێستا بەلاوازی دەچنەوە بەغدا.

چوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی بۆ شاری بەغداو كۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل مارۆكی سەرۆكی فەرەنسا مشتومڕی زۆری دروستكردووە، كە مشتومڕەكانیش بەئاراستەیەكە، هەرێمی كوردستان ئەو پێگەی جارانی نەماوە، كە لەپێش ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەیبوو لەسەر ئاستی عێراق‌و ناوچەكەو جیهانیش.

 

چوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی بۆ شاری بەغداو كۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل مارۆكی سەرۆكی فەرەنسا مشتومڕی زۆری دروستكردووە

 

ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە 25/9/2017 بەرێوەچوو، كە ریفراندۆمەكە، نەك سەربەخۆیی بەدوای خۆی نەهێنا، بەڵكو نیوەی ئەو خاكەی لەدەستدا، بەخوێنی هەزاران پێشمەرگە لەشەڕی داعش بەدەستهێنرابوو.

ئێستاش دوای سێ‌ ساڵ لەو وادەیە، هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان ئەو پێگەی بەهێزەی نەماوە، بەشێوەیەك سەرۆكی فەرەنسا، كە دێتە عێراق ئامادە نییە سەردانی هەولێرو بكات‌و تەنانەت بۆ كۆبوونەوە سەرۆكی هەرێم بانگهێشتی بەغدای پایتەختی عێراق دەكات.

كاوە محەمەد پەرلەمانتاری كورد لەپەرلەمانی عێراق لەو بارەوە دەڵێت: دیاریكردنی (شوێن) بۆ دیدار و كۆبوونەوە سیاسییەكان، لەدنیای دیپلۆماسیەتدا مانا و مەغزای گرنگی خۆی هەیە.

هەروەها دەڵێت: فەرەنسا، لەدوای راپەڕینی (١٩٩١)ەوەو لەسەردەمی سەرۆك (فراسوا میتران)ەوە تا بە ئێستا دەگات، پشتیوانێكی بەهێزی پرسی كورد و هەرێمی كوردستان بووەو لەوپەڕی دۆخی خراپی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی كورددا، پاریس هەمیشە باوەشی بۆ سەركردەكانی كورد كردووەتەوە، نەك هەر بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكو بۆ سەركردەی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش.

پەرلەمانتارەكەی كورد باسی لەوەش كردووە، ئەگەر خاوەنی سەركردەی حەكیم و دووربین بووینایە، ئەو پشتیوانییەی فەرەنسا و هاوپەیمانەكانی دیكەی كوردیان نەدەكردە قوربانی مەزاجی شەخسی و حیزبیی خۆیان و بە هاشوهوشی (ریفراندۆمێك)ی نامەدروس و سەرەڕۆیانە بەهەدەریان نەدەدا، كە وەك یەكێك لەسەرەنجامە نێگەتیڤە زۆروزەوەندەكانی.

هەروەها دەڵێت: لەدوای ئەو رووداوانە ماكرۆن لەباتی ئەوەی بۆ بینینی بەرپرسانی هەرێم سەردانی هەولێر بكات، هەموویان رابكێشێتە بەغدا و ئەو مەسیجەیان بەڕوونی پێبڵێت، كە ئیتر هەرچی پەیوەندی و بزاوتی دیپلۆماسیان هەیە، دەبێت لەرێگەی بەغدا و بە ئاكاداری حكومەتی فیدراڵ بێت.

نێچیرڤان بارزانی، كە خودی خۆی یەكێك بوو، لەعەرابەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەر لەسەردانەكەی رۆژی چوار شەممە بۆ بەغداو لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی: ئەوان شانازی بەعێراقیبوونی خۆیان-ەوە دەكەن.

 

ئەمەش حیكمەتی بێ حیكمەتی بڕیاری (ریفرادۆم)ەو داننان بەواقیعی پاشەكشەی پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی هەرێم دەردەخات

 

كاوە محەمەد رەخنەی لەو قسەیەی سەرۆكی هەرێم دەگرێت‌و دەڵێت: ئەمەش حیكمەتی بێ حیكمەتی بڕیاری (ریفرادۆم)ەو داننان بەواقیعی پاشەكشەی پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی هەرێم دەردەخات، نەك بەهێزبوونی، وەك هەندێك لەبانگەشاكارانی حیزبی وێنای دەكەن.

هەرێمی كوردستان لەدوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی جگە لەوەی پێگەی سیاسی لاواز بوو، لەئاستی ئابووریش زۆر بەرەو دواوە چوو، بەشێوەیەك ئەگەر ئێستا حكومەتی عێراق مانگانە بودجەی بۆ نەنێرێت، ناتوانێت بە 60 رۆژ جارێكیش موچە دابەش بكات.

بەقسەی چاودێرانی ئابووری، ئەنجامی ئەو قەیرانەی ئێستا هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە، ئەو ئابوورییە سەربەخۆیە بوو، ساڵانێك گوێی خەڵكیان پێبڕكرد، بەڵام ئەنجامەكەی ئەوەبوو، دەبێت چاوەڕێی بەغدا بكەن، بۆ ئەوەی رێككەوتنیان لەگەڵ واژوو بكەن‌و مانگانە بودجەیان بۆ بنێرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا