كاوە مەحمود: مەبدەئی شەراكەت و سازانی سیاسی لە عێراقدا كۆتایی هاتووە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لەم چاوپێكەتنەدا كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان تیشكدەخاتە سەر پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە و ئاكامەكانی دوای هەڵبژاردنەكە و رۆڵ و مامەڵەی كورد لەدوای ئەنجامی هەڵبژاردن.

_ پۆڵەتیك پرێس: چۆن لە دەرەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەڕوانیت، وەك دەوترێت دەستتێوەردانی وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی هەرێمی كاریگەری لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردنەكە هەبوە، تێبینی سەرەنجی ئێوە لەسەر ئەم پرسە چییە؟

+ كاوە مەحمود: هەر بابەتێك كە پەیوەندی بە وردەكاری هەڵبژاردنەكەوە هەبێت، بەتایبەتی دەستتێوەردانی هەرێمی یان نێودەوڵەتی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، لە راستیدا من ناتوانم قسەی لەسەر بكەم چونكە زانیاریم نییە، ئەو لایەنانەشی كە زانیارییان واباشترە زانیارییەكانیان بە بەڵگەوە بخەنەڕوو بۆئەوەی بۆ هەموولایەك روون ببێتەوە ئەمە لەلایەك لەلایەكی دیكە دەمێنێتەوە سەرئەوەی بە چ پێوەرێك هەڵسەنگاندن دەكەیت بۆ ئاكامەكانی هەڵبژاردنەكە، كۆمەڵێك پێوەرهەیە، یەكێك لەو پێوەرانە تەماشای دەرەنجامی هەر لایەنێكی سیاسییە كە لە هەڵبژاردنەكەدا لەسەر ئەم بنەمایە دەگەینە كۆمەڵێك دەرەنجام، بە رای من پێوەرێك لەو پێوەرانە كە من وەكو خۆم دەیبینمەوە ئەوەیە پێكهاتەكان تا چەندە گۆڕانكاری بەسەر بۆچوونە سەرەكییەكانیاندا هاتووە، نەك هێزە سیاسییەكان، دەربارەی دیاریكردنی قەیرانە سەرەكییەكان، كە بەگشتی لەدوای 2003 ەوە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە، ئەوەی من دەیبینم گۆڕانكارییەكی چلۆنایەتی لە ریزبەندی هێزەكاندا رووی نەداوە، بۆ نمونە ئەگەر بوترێت لە هەڵبژاردنی رابردوو فەتح ئەوەندە هێناوە و دەوڵەتی یاسا ئەوەندەی هێناوە و ئێستا سەدریەكان ئەوەندە زیادی كردووە، من پێم وایە ئەمانە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ناكۆكی نێوان پێكهاتەیەكی دیاریكراو، دەمێنێتەوە كێ‌ لەو لایەنانە بۆچوونی ئەو پێكهاتەیە دەپارێزێت و خۆی دەكات بە نوێنەری ئەو پێكهاتەیە، بەڵام ئایا پەیوەندییەكی چلۆنایەتی هاتووەتەكایەوە هەر پێكهاتەیەك لەگەڵ پێكهاتەیەكی دیكە، بەجۆرێك كە رەنگ بداتەوە لەسەر مامەڵەكردنی لایەنەكانی بەرامبەر و دەست لەسەر برینەكانی عێراق دابنێت، من ئەوە نابینم، لەبەرئەوەی گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لەسەر شێوازی حوكمڕانی یان پەیوەندی بەغدا و هەولێر، ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە نایەتە دی، بۆیە ئەوەی كە پێی دەوترێت قەیرانی دەوڵەتی عێراق هەر بەردەوام دەبێت، بۆ نمونە كاتێك لایەنی كوردستانی داوای جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەكات، ئایا سەدر بێت یان دەوڵەتی یاسا یان فەتح ئایا ماددەی 140 جێبەجێدەكات، من گومانم لەو حاڵەتە هەیە، هەروەها ئەوەی پێی دەوترێت گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی لە ئاستی كۆمەڵگای عێراقی، روونادات وە ئەو كێشانە هەیە تایبەت بە شوناسی دەوڵەتی عێراق وەك خۆی دەمێنێتەوە، ئەو لایەنەی حوكم دەگرێتە دەست لە توانایدا چارەسەر كێشە بنەڕەتییەكانی عێراق بكات.

_ پۆڵەتیك پرێس: تێبینی و سەرەنجی ئێوە چییە لەسەر جوڵەی هێزە سیاسییە شیعە گەورەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ؟

+ كاوە مەحمود: ئەگەر سەدر حوكم بكات لەوانەیە ئەوەندە گۆڕانكاری بەدی نەهێنێت لەچاو هەرلایەنێكی دیكە كە حكومەت پێكبهێنێت، ئەوەی پەیوەستە بەلایەنە كوردستانییەكانیشەوە نابێت بابەتەكە ئەوەبێت كە تۆ یەكت دەوێت یان دوو، بۆ نمونە ئەو پرسیارەی دەكرێت ئایا لەگەڵ سەدر رێككەوتن بكەین یان لەگەڵ دەوڵەتی یاسا، من پێم وایە دەبێت ئەم پرسیارە بە پێچەوانەوەبێت، دەبێت پرسیارەكە ئەوەبێت كوردستان دەبێت بە چ بەرنامەیەكەوە بچێتە گفتوگۆوە لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە حوكمڕانی دەكەن لە عێراقدا، ئەگەر سەدربێت یان دەوڵەتی یاسا یان فەتح وە یان هەرلایەنێكی دیكە حوكم بگرێتە دەست چاوەڕێناكرێت مەبدەئی شەراكەت جێبەجێبكرێت، ئەو بۆچوونەوەی كە ناونرا دیموكراتی تەوافوقی و باسلەوە دەكرا حوكمڕانی پەیوەندی بە زۆرینە و كەمینەوە نییە، هەر لەسەرەتاوە زەمینەی نەبوو لەبارچوو، بۆیە گرنگە لایەنی كوردستانی بەرنامەیەكی هەبێت و بەو بەرنامەیە هەوڵبدات بچێتە ناو گفتوگۆوە، هاوكات چاوەڕێی ئەوەش نەكات بەرامبەر هەموو بڕگەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێبكات، چونكە بنەمای دیموكراتی تەوافوقی نەماوە، بابەتەكە ئەوەنییە كە ئێمە حەزبكەین لە دیموكراتی تەوافوقی یان نا، چونكە گوتارێك سەریهەڵداوە كە بریتیە لە گوتاری رق، لە عێراقیشدا سێ‌ پێكهاتە هەیە كە دەبێت پێكەوە بەردەوام بن لەم رووەوە چۆن چۆنی دەتوانن بەردەوام بن پێكەوە، هەركەسیش حوكم بكات نابێتە هۆی گۆڕانكاری لە شوناسی دەوڵەتی عێراق، چونكە بمانەوێ و نەمانەوێ‌ شوناسی دەوڵەتی عێراق چوناسێكی عەرەبییە، لایەنی كوردی كە پشتگیری لە كازمیش دەكات، تەنانەت ئەویش گوتارەكەی هەمان گوتاری عروبەیە لەبەرئەوە گوتاری عروبە و گوتاری شیعە گەری پێكهاتەی سەرەكی دەوڵەتی عێراقە، هەر لەم رووانگەیەوە كۆمەڵێك چەمك هەیە كە دەبێت بزانین كە هی هەموو عێراقییەكان نییە بۆ نمونە چەكی ئاسایشی نیشتمانی ( ئەمنی قەومی ) ئەم چەمكە هی هەموو عێراقییەكان نییە بەو پێیەی چەمكی هاووڵاتیبوونی عێراقی لە ئارادا نییە، كە چەمكی هاووڵاتیبوون نەبوو، ئەو كاتە ئاسایشی نیشتمانی عێراق یەكسانە بە ئاسایشی نەتەوە و تایەفەی باڵادەست، ئەم چەمكەش ناكۆكە لەگەڵ چەمكی دادپەروەی كە هەر پێكهاتە و نەتەوەیەك مافی خۆی هەبێت، بەڵام دەبینین فدراڵیەت بە هەڕەشە دەزانن لەسەرمانەوەی دەوڵەتی عێراق، بەو پێەی ئەگەر فدراڵیەت هەڕەشەبێت لەسەر دەوڵەتی عێراق یانی مەترسییە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتی عێراق، بۆیە تەنها خۆمان باسی فدراڵیەت دەكەین لە عێراق كەسی باسی فدراڵیەت ناكات، ئەم كەلتوورەی لە عێراق هەیە كەلتووری هاووڵاتیبوون نییە، كەلتووری نەتەوەی باڵا دەستە و هەرواش دەمێنێتەوە.

_ پۆڵەتیك پرێس: لەدوای دەركەوتنی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بۆچونێك دروستبووە پێی وایە ئەو پەرلەمانتارانەی دووبارە خۆیان پاڵاوتبوو كە پێشتر بانگەشەی ئەوەیان دەكرد، قوت و مووچە و بودجەی هەرێم بخەنەوە سەر عێراق، ئەم پەرلەمانتارانە كە دووبارە خۆیان كاندید كردبوو شكستیان هێنا، قسەی تۆ لەمبارەیەوە چییە، بەگشتی قسەت لەسەر هەڵبژاردنەكە تایبەت بە هەرێمی كوردستان چییە؟

+ كاوە مەحمود: ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوو واتە ئەو بابەتە سەرەكییانەی كە پەیوەندی بە دەوڵەتی عێراقەوە هەیە دەبێت ئەوانە لای دەنگدەری كورد بنەمای سەرەكی بێت، بەڵام دەنگدەری كوردستان بنەمای دەنگدانەكەی بەو شێوەیە نەبووە، دەنگدەری كوردستانی ئەو بابەتانەی راستەوخۆ كاریگەری هەبووە لەسەری بەتایبەتی لە لایەنە سیاسییەكەوە، دەبینین خولیایەكی سەربەخۆبوون هەیە لە بیروبۆچوونیدا ئەو خولیایە تەواو نەبووە، وە تەواویش نابێت، لایەنێكی دیكەشی هەیە ئەم بابەتە ئەوەیە دەنگدەری كوردستانی شێوازی هەڵسەنگاندنەكەی بۆ حوكمڕانی مالكی و سەدرو عەللاوی نییە، ئەگەر تەماشابكەین تەنانەت ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەی لە هەرێم روویانداوە بابەتی خۆپیشاندانەكە رووی لە حوكمڕانانی عێراق نەبووە، هەمووی رووبەڕووی ئەو دەسەڵاتەیە كە لە كوردستاندا هەیە، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت كوردستانییان حكومەتی عێراق بە نوێنەر و دەسەڵاتداری خۆیان نازانن، خەڵكی كوردستان ئەوەی لە هەرێمی كوردستان حوكم دەكات ئەوە بە نوێنەری خۆی دەزانێت، بەو مانایە نا كە ئەم حكومەتە بە باش دەزانێت یان نا، بەڵكو بەو مانایەی ئەگەر داواكارییەكی هەبێت ئاراستەی حكومەتی خۆی دەكات، تەنانەت ئەمەش رەنگدانەوەی خولیای سەربەخۆ خوازییە، لای تاكی كورد، لەو حاڵەتەشدا چاوەڕوانی حكومەتی عێراق ناكات و دەڵێت حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆ بەرپرسیاری لە دابینكردنی مووچە و خزمەتگوزاری بۆ من، ئەمە جۆرێكە لە هەستی سەربەخۆ خوازی.

_ پۆڵەتیك پرێس: شاندی باڵای پارتی لە چەند رۆژی رابردوو لەگەڵ زۆرێك لە هێز و لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەتەوە، لەگەڵ ئێوەش كۆبوونەوەیان ئەنجامدا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەتان چی بوو؟

+ كاوە مەحمود: پێمان راگەیاندن پێمە پشتگیری بەربژێرێكمان كردووە و ئێستا ئەندامی پەرلەمانە، كە وەكو كەسایەتییەكی چەپی دیموكراتیخوازی كوردستانی لە كۆتای مەسیحییەكانە و دەنگی پێویستی هێناوە، كەواتە ئێستا شوێنێكمان هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، شاندەكەی پارتی كە هاتن پێمان راگەیاندن، بەشداری كردنی نوێنەرانی كوردستانیان لە بەغدا دەبێت لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی كوردستانی یەكگرتووبێت، هەموو لایەنە كوردستانییەكان بەوانەی كورسیان هەیە و ئەوانەشی كورسییان نیە دەبێت بەشداربن لە داڕشتنی ئەو بەرنامەیە، بۆیە ژمارەی كورسی ئێمە وەكو كورد گرنگ نییە، چونكە ژمارەكەی ئێمە هەرچەند بێت لەناو پەرلەماندا كەمینەین، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێمە گوتارێكی یەكگرتوومان هەبێت، باشترین پشتگیریش بۆ گوتارەكەمان لە بەغدا ئەوەیە نمونەیەكی حكومڕانی باشمان هەبێت لە كوردستان.

_ پۆڵەتیك پرێس: باس لە نمونەی حكومڕانی باش دەكەیت لە هەرێمی كوردستان، ئێمە بینیمان لەدوای كۆتایی هەڵبژاردن دووبارە قەیرانەكان سەریانهەڵدایەوە ئێستا قەیرانی گرانی نرخی بەنزین و نەوت سەریهەڵداوەتەوە، دید و تێڕوانینی ئێوە بۆ چارەسەركردنی پەیرانەكانی هەرێم چییە؟

+ كاوە مەحمود : ئەبێت بزانین ئەم قەیرانانە پێش هەڵبژاردنیش هەبوون، ئەمە پەیوەندی بەو سیاسەتە ئابوریەوە هەیە لە كوردستان كە هەر خودی ئەو سیاسەتە ئابورییە قەیران دروست دەكات، ئەم سیاسەتە ئابورییەی ئێستای هەرێم پێویستە گۆڕانكاری تێدابكرێت چونكە ئەم سیاسەتە ئابورییەی ئێستا هەیە چاكسازی دروست ناكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا