مەلا بەختیار داوای لێبوردنی لە كۆمەڵی دادگەری كرد

پۆڵەتیك پرێس

بەهۆی بڵاوبونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆییەوە كە تێیدا باسی لە كورسییەكانی كۆمەڵی دادگەری كردبوو، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی داوای لێبوردنی لە سەركردایەتی ئەو حزبەكرد.

بەپێی گرتەی ڤیدیۆیی كۆبوونەوەی مەلا بەختیار و شاندی پارتی كە رۆژی 18ی ئەم مانگە سەردانی سلێمانیان كرد دەردەكەوێت، لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا ئەندامێكی شاندی پارتی باس لەوەدەكات كە كۆمەڵ رایگەیاندووە كە بەشداری گفتوگۆكان ناكات، ئەوەش لەزمانی محەمەد حەكیم وتەبێژی كۆمەڵەوە راگەیەنراوە، بەڵام فازڵ میرانی دەڵێت مەرج نییە لەناو كۆمەڵ ئەوەی محەمەد حەكیم بیڵێت وابێت.

بەپێی گرتە ڤیدیۆیەكە لەكۆبوونەوەكەدا مەلا بەختیار دەڵێت، “ناهەقیان نییە، چونكە ئەوان یەك كورسیان هێناوە”، دواتریش ئامادەبوانی كۆبونەوەكە دەست دەكەن بەپێكەنین.

دواتریش ئەو دیمەنە نیگەرانی بەرپرسانی كۆمەڵی دادگەری لێكەوتەوەو بەتوندترین شێوە وەڵامی مەلا بەختیارو بەرپرسانی دیكەی پارتیان دایەوە.

لەو بارەیەوە مەلا بەختیار لە فەیسبوكی خۆی دەڵێت، “دانیشتنی دۆستانەی بەندە و برایانی پارتی، بەهۆی ئاخاوتنی وتەبێژی كۆمەڵەی دادگەرییەوە كە فەرمویەتی، بەشداری لە حكومەتی عێراقدا ناكەین. لە چركەساتێكدا بەبێ مەرام باسكرا. بەئاسایش لەكاتی باسكردنەكەدا، پێكەنین، بەڵام ئەو گرتە ڤیدیۆیەی كە بڵاوكرایەوە و ئەمانەتی میدیایی تیایدا نەپارێزراوە”.

دەشڵێت، “بەندە بەرۆشنی وتومە: كۆمەڵی دادگەری بڕیارێكی واقیعی داوە، خوانەخواستە هیچ مەبەستێكم بۆ كەمكردنەوەی پێگەی كۆمەڵ لە قسەكانمدا نەبووە”.

ئەوەش دەخاتەڕوو، وادیارە هەندێك لە بەرپرسانی كۆمەڵی دادگەری، لەبەر ئەو بارەدەرونیەی سەرەنجامی هەڵبژاردن، ئەم بە ناشەرعی بڵاوكردنەوەی هەواڵەكەیان، پێ ناخۆش بووە و رەخنەیان لێگرتوون.

لە كۆتایی نوسینەكەیدا مەلا بەختیار نوسیویەتی، “لێرەدا بەش بە حاڵی خۆم دەڵێم: ئەگەر بە ئاستەم بەرێزانی كۆمەڵ، نیگەران بوون، داوای لێبووردنیان لێدەكەم. دڵنیاشم ئەگەر باش گوێیان لە قسەكان گرتبێت، بەرپرسانە رای خۆمان وتووە”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا