پارتی: پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردەو بە رێككەوتن دادەنرێت

پۆڵەتیك پرێس

وتەبێژی پارتی رایگەیاند، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردەو بەرێككەوتن ئەو پۆستە یەكلایی دەكرێتەوە، وتەبێژی یەكێتیش رایدەگەیەنێت، نەریتێك هەبووە كە پۆستەكە هی یەكێتییە.

دوای كۆتایهاتنی كۆبونەوەی نێوان یەكێتی و پارتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەیان ئاشكراكرد.

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی رایگەیاند، سەردانەكەیان بۆ سلێمانی و كۆبونەوەیان لەگەڵ لایەنەكان دۆستانەیە و بۆ رەواندنەوەی گرژییەكانی هەڵبژاردنە.

ئەمین بابەشێخ، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرەتا لە كۆنگرەكەدا رایگەیاند، “سەردانی پارتی بۆ مەكتەبی سیاسی دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەستپێشخەریەكی باش بو، لەم كۆبونەوەیەدا ئێمە تاوتوێی چەندین بابەتی گرنگمان كرد بەتایبەت یەكڕیزی كورد لە بەغدا و باسی چەند بابەتێكی دیكەشمان كرد”.

لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری پۆڵەتیك پرێسشدا كە لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە ئاڕاستەی كرد، وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەكرد، لەسەر ئەو پرسە تائێستا گفتوگۆیان نەكردووە، ڕاستە سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، بەڵام ناكرێت بوترێت كە پشكی لایەنێكە و بە قۆرخكاری ناكرێت لایەنێك بڵێت پشكی ئەوانە، بەڵكو دەبێت ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت.

لە بەرانبەریشدا ئەمین بابەشێخ وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند، سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، نەریتێكیش هەیە كە ئەو پۆستە پشكی یەكێتی بووە، “پێموانییە ئەوە ببێتە كێشە لە نێوانماندا.”

ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتر بۆ ماوەی چوار خول یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرتووە، لە ماوەی رابردوشدا پارتی چەندجارێك ویستی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ئاشكراكردبوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا