ماكرۆن پرۆژەیەك دەخاتە بەردەم سەركردە عێراقییەكان

پۆڵەتیك پرێس:
ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆك كۆماری عێراق پرۆژەیەكی خستووەتە بەردەم لایەنە سیاسییەكانی عێراق، كە ناوەڕۆكی پرۆژەكە بۆ پاراستنی سەروەری خاكی عێراق لەدەستدرێژییە دەرەكییەكان‌و پاراستنی سەروەرییەكەیەتی.

ئیمانوێل ماكرۆن رۆژی چوار شەممە 2ی ئەیلول سەردانی بەغدای كردو لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق‌و سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و سەركردەی لایەنە عێراقییەكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستانیش كۆبووەوە.

چەند میدیایەكی عێراقی بڵاویانكردەوە، لەناو جامتاكەی ماكرۆن بۆ بەغدا پرۆژەیەك هەبووە، كە لەكۆبوونەوەكانی پرۆژەكەی خستووەتە بەردەم سەركردەكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستان.

میدیاكان بڵاویشیان كردەوە، ماكرۆن جگە لەو پرۆژەیە، چارەنووسی داعشە فەڕەنسییە دەستگیركراوەكان و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداشی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق‌و هەرێمی كوردستان تاوتوێكردووە.

ئیمانوێل ماكرۆن لەدوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری فەڕەنسا ئەمە یەكەمین سەردانییەتی بۆ عێراق، كە ماوەیەكە بەچڕی هاتووەتە سەر هێڵ بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی عێراق، ئەمە جگە لەهەوڵەكانی بۆ رێگری‌و دوورخستنەوەی عێراق لەململانێكانی ناوچەكە.

هاوكات ئاژانسی ئەنادۆڵ لەراپۆرتێكدا ناوەڕۆكی پرۆژەكەی فەڕەنسای بۆ پاراستنی سەروەری خاكی عێراق بڵاوكردووەتەوەو رایگەیاندووە، پرۆژەیەكی گشتگیرە و كێشەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لەنێو خاكی عێراق‌و پرسی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیای بۆ سەر خاكی هەرێم تێدا باسكراوە.

ئاژانسەكە بڵاویشیكردەوە، كە فەڕەنسا دەیەوێت رەزامەندی عێراقییەكان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە وەربگرێت‌و خۆشی وەك یەكێك لە ئەندامە هەمیشەییەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەندامێكی كارای نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش سەرپەرشتی جێبەجێكردنی بكات.

فەڕەنسا چەند مانگێكە بە كردەیی كار لەسەر پرۆژەكەی دەكات‌و بڕیارە ئەو پرۆژەیەش بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی ئەنجوومەنەكە چەند بڕیارێكی لەبارەوە دەربكات.

فەڕەنسا ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە چالاكترین وڵاتی ئەورووپایە، كە لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگ دوو وەزیر و ئەمڕۆش سەركۆمار هاتوونەتە عێراق، لەدوای تەقینەوەكەی لوبنیان-یش سەرۆك كۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن دووجار سەردانی ئەو وڵاتەی كردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا