تورکیا چۆن پلانی تیرۆرکردنی سیاسەتمەدارە کوردەکانی لە ئەوروپا داڕشتووە؟

پۆڵەتیک پرێس:
گییوم پێغی، رۆژنامەنووسی فەڕەنسی لە ژمارەیەک تویتدا پلانی دەزگای هەواڵگری تورکیا ئاشکرا دەکات لەبارەی ڕفاندنی شوێنکەوتووانی فەتحوڵـڵا گیولەن و تیرۆرکردنی سیاسییە کوردەکانی ئەوروپا و چەند وڵاتكی دیکە لە قیرغستانەوە تا کینیا، بە تێپەڕین بە وڵاتانی مالیزیا و مەغریب و سویسرا و چەندین وڵاتی دیکەی ناو یەکێتی ئەوروپا.

گییوم جەخت لەوە دەکاتەوە، هەزاران کارمەندی نهێنی هەواڵگری تورکیا لە جیهاندا هەڵدەستن بە ڕفاندنی ئەو کەسانەی دژی سیستمی رەجەب تەیب ئەردۆغانن و دەیاننێرنەوە بۆ تورکیا، تا ئێستاش 115 کەسیان لە 33 وڵاتەوە گەڕاندووەتەوە تورکیا.

ئەو رۆژنامەنووسە فەڕەنسیە چەند کەیسێک باس دەکات و دەڵێت: یەکێک لە هێزە تایبەتەکانی هەواڵگری تورکیا هەستاوە بە ڕفاندنی هاوڵاتییەکی فەڕەنسی لە گابۆن، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدراوە بۆ ڕفاندنی سەرمایەدارێکی سویسری بە ڕەچەڵەک تورک بەتۆمەتی ئەوەی گوایە شوێنکەوتووی فەتحوڵـڵا گیولەنە، جگە لەوەی لە ساڵی 2013 لە رووداوێکدا کە تا ئێستا رووننەکراوەتەوە، سێ چالاکوانی کورد لە پاریس کوژران.

ساڵی 2017 لە پیلانگێڕی کوژرانی دوو سەرکردەی دیاری کورد لە ئەوروپا کە ئەوانیش (ئایدار و کارتال) بوون، پەنجەی تۆمەت بۆ چوار تورک درێژکرا، کە گومانی ئەوەیان لێدەکرا پەیوەندییان لەگەڵ دەزگای هەواڵگری تورکیادا هەبێت.

لەوکاتەدا میدیاکانی فەڕەنسا ئاشکرایان کرد، پێشتریش دەسەڵاتدارانی نەمسا چەند پیلانێکیان پوچەڵکردووەتەوە کە بەمەبەستی کوشتنی کەسایەتییە بەلجیکی و نەمساییەکان کە بەڕەچەڵەک کوردن و سەرمایەدارە تورکەکانی دژ بە دەسەڵاتی ئەردۆغان لە ئەوروپا دانراون.

دەزگای هەواڵگری تورکیا چەندین سیخوڕی لەناو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا هەیە، بەتایبەتی لەدوای کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016، ئەم سیخوڕانە زیاتر دەرکەوتن، لەنێویشیاندا چەندین مامۆستای زمان و پیاوانی ئایینی هەن کە هەڵدەستن بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ملیۆنان تورکی دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپا کە هەڵگری ناسنامەی ئەوروپین، هاوکات ئەو تورکانەی سەربە دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدانن لە وڵاتانی دەرەوە هەڕەشە لەو کەسانە دەکەن کە دژی سیاسەتی ئەردۆغانن.

گۆڤاری لۆبوانی فەڕەنسی ئاشکرای کرد، فیاز ئۆزتورکی 53 ساڵ، بریکاری پێشووی تورکیا، ناسنامەی تورکی و ئیتاڵیشی هەڵدەگرت، لەلایەن نوسینگەی هەواڵگری نەمساوە تۆمەتبارکرا بە ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆرستی، دواتر دانی بەوەدانا کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە راسپێردراوە بۆ کوشتنی ژمارەیەک کەسایەتی نەمسایی کە دژی سیستمی ئەردۆغانن، لەنێویشیاندا بێریڤان ئەسڵان، ئەندامی پێشووی پارتی سەوز.

ئەو ڕاپۆرتەی لەژێر ناوی “ڤیێنا، مۆڵگەی سیخوڕە تورکەکان” لە گۆڤارە فەڕەنسییەکەدا بڵاوکراوەتەوە باس لەوەکراوە، سێبەرەکانی دەزگای هەواڵگری ئەردۆغان لە پایتەختی نەمسا کەمپیان هەڵداوە.

لەو ڕاپۆرتەدا بێریڤان ئەسڵان کە بەڕەچەڵەک کوردە باس لەوە دەکات، ئەو هەڕەشانەی دووچاری هاتوون جددی و مەترسیدار بوون، وتوشیەتی: دانپێدانانی ئۆزتورک، هەواڵگری ئەردۆغان لە دۆسیەی ڕفاندنی چالاکوان و سیاسییە تورکەکانی ئەوروپاوە تێوەدەگلێنێت، نوسینگەی فیدڕاڵی پاراستنی دەستور و روبەڕوبوونەوەی تیرۆری نەمساش جەختی لەمە کردووەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، دەسەڵاتی فەڕەنسا هەڵەی کردووە کاتێک زستانی رابردوو ئەو بریکارە تورکەی ناردووەتە ئیتاڵیا تا چاوەڕێی دادگاییەکەی بکات، ئەوەبوو لەدوای ئەوەی بەشێوەیەکی کاتی ئازادکرا، ئامادەی دادگاییکردنەکەی نەبوو، هەر ئەوەش بووەهۆی نیگەرانی نەمساییەکان و پێیانوابوو، دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکەیان هەلێکی گرنگی لەدەست دەرچوو تا تیشک بخاتەسەر ناوەڕۆک و لایەنە تاریکەکانی ئەو رۆڵەی تورکیا لە کوشتنی هاوڵاتیانی ئەوروپا دەیگێڕێت.

ئەو سیخوڕیەی حکومەتی تورکیا ئەزموونی دەکات تەنیا دژی ئەو کەسانە نییە کە دژی دەسەڵاتی ئەردۆغان بوون و هەڵهاتوون بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، بەڵکو ئەو کەسایەتییە سیاسی و پەرلەمانییانەش دەگرێتەوە کە بەڕەچەڵەک تورک و کوردن، بەپێی زانیارییە فەڕەنسی و ئەڵمانییەکانیش، دەزگای هەواڵگری تورکیا هەزاران یاریدەدەری لە ئەوروپا هەیە، بەڵام ژمارەی راستەقینەی سیخوڕە تورکەکان کە بەشێوەی فەرمی کاردەکەن، بە زیاتر لە 12 هەزار سیخوڕ هەژماردەکرێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک