پۆستی ڕێکخەری گشتی گۆڕان بۆ عوسمان حاجی مەحمود پێشنیاز دەکرێت ئەویش چوار مەرجی هەیە

پۆڵەتیک پرێس:
ماوەی چەند ڕۆژێکە بەشێک لە ئەندام و کەسایەتییە ناڕازییەکانی نێو بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ عوسمان حاجی مەحمود، یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان لە گفتوگۆدان، بۆئەوەی لەم قۆناغدا سەرکردایەتی بزوتنەوەکە بکات، ناوبراویش چوار مەرجی بۆ ڕازیبوون بەداواکارییەکە هەیە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەیەکی نزیک لە عوسمان حاجی مەحمود بە پۆڵەتیک پرێس-ی ڕاگەیاند، ژمارەیەک لەو کەسایەتی و هەڵسوڕاوانەی لە سیاسەتی ئێستای گۆڕان ناڕازین، داوایان لە عوسمان حاجی مەحمود کردووە لەم قۆناغەدا ببێتە ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان.

سەرچاوەکەی پۆڵەتیک پرێس وتیشی، عوسمان حاجی مەحمود بۆ ڕازیبوون بەو داواکارییە چوار مەرجی هەیە کە بریتین لە:

1- دەستلەکارکێشانەوەی خانەی ڕاپەڕاندن و رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
2- کشانەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
3- کشانەوەی گۆڕان لە حکومەتی خۆجێی پارێزگاکانی هەرێم
4- گێڕانەوەی خاوەندارێتی گردی زەرگەتە بۆ گۆڕان، هەروەها چیا نەوشیروان مستەفا ئەگەر دەیەوێت سیاسەت بکات، ئەوا وەک هەرکەسێکی دیکە بچێتە نێو رێکخستنەکانی گۆڕانەوە.

بەوتەی سەرچاوەکەی پۆڵەتیک پرێس، تا ئێستا وەڵامی چوار مەرجەکەی عوسمان حاجی مەحمود بە ڕەتکردنەوە یاخو ڕازیبوون نەدراوەتەوە، هاوکات ئێوارەی ئەمڕۆ خانەی ڕاپەڕاندن دەستیلەکارکێشایەوە، کە ئەوە یەکێک بووە لە مەرجەکانی عوسمان حاجی مەحمود.

 

عوسمان حاجی مەحمود کێیە؟

یەکێک لە سەرکردە سیاسییە دیارەکانی باشووری کوردستانە و ساڵی 1981 لەتەمەنی 18 ساڵیدا لە ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووەتە پێشمەرگە.

لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا شەش جار بریندار بووە و لە وەسفی ئەودا، شێرکۆ بێکەس، شاعیری گەورەی کورد نازناوی “شەهیدی زیندوو”ی لێناوە.

لەسەردەمی شاڵاوەکانی ئەنفالدا بڕیاردەدات لە شاخ بمێنێتەوە تا کاتی ڕاپەڕینی باشووری کوردستان لەساڵی 1991.

ساڵی 1991 باوک و برایەکی عوسمان حاجی مەحمود لە بۆسەیەکی موجاهیدینی خەڵق شەهید بوون.

لە ڕیزەکانی یەکێتیدا تا پلەی ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە ڕۆیشتووە و لەنێو حکومەتی هەرێم (ئیدارەی سلێمانی) پۆستی وەزیری ناوخۆی هەبووە.

ساڵی 2009 وازی لەسەرجەم پۆستەکانی لەنێو یەکێتیدا هێناو لەگەڵ نەوشیروان مستەفا بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند.

لەساڵی 2017 و دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا زۆرترین دەنگی بۆ ئەندامێتی خانەی ڕاپەڕاندن بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆی ڕەخنە و تێبینییەکانی لەسەر سیاسەت و ئەدای گۆڕانەوە، لەساڵی 2018ەوە دەستی لە ئەندامێتی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵگرت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا