توانای بەرهەمهێنانی نەوت لەرۆژئاوای كوردستان بەرز دەكرێتەوە

پۆڵەتیك پرێس:
بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان ئیدارەی خۆسەرو كۆمپانیای “دەلتا كرێسینت ئینێرجی”ی ئەمریكی لەبواری نەوت كراوە، توانای بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژئاوای كوردستان بەرز دەكرێتەوە.

ماوەی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەرۆژئاوای كوردستان گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای “دەلتا كرێسینت ئینێرجی”ی ئەمریكی ئەنجامداو ئیدارەی ئەمریكاش خۆی سەرپەرشتی گرێبەستەكەی كردووە.

هەر بەپێی رێككەوتنەكە، جگە لەزیادكردنی بەرهەمی نەوتی لەرۆژئاوای كوردستان، نەوتەكەش راستەخۆ هەناردەی دەرەوە دەكرێت‌و لەبازاڕەكانی جیهان ساغدەكرێتەوە.

چەلەنك عومەر شارەزای ئابووری لە رۆژئاوای كوردستان لەو بارەوە تایبەت بە “پۆڵەتك پرێس” پرێسی وت: واژووكردنی رێككەوتنەكە كاریگەری زۆر باشی دەبێت، چونكە ئەمە یەكەمین جارە رێكەوتن لە نێوان ئەمریكاو ئیدارەی خۆسەری لەبواری ئابووریدا دەكرێت.

 

ئەمە یەكەمین جارە رێكەوتن لە نێوان ئەمریكاو ئیدارەی خۆسەری لەبواری ئابووریدا دەكرێت

 

چەلەنك عومەر وتیشی: پێشتر رێكەوتن تەنیا لە بواری لەشكری و پەیوەندی سیاسیدا هەبووە، بەڵام ئمەم رێككەوتنە كاریگەری گەورەی دەبێت، بەتایبەت لەرووی زۆركردنی داهات لەرۆژئاوای كوردستان.

بەقسەی ئەو شارەزایە، لەناوەڕۆكی رێككەوتنەكە ئەوە باس كراوە، كە توانای بەرهەمهێنانی نەوت لەرۆژئاوای كوردستان بۆ رۆژانە نزیكی 350 هەزار بەرمیل بەرزدەكرێتەوە، لەكاتێكدا، ئێستا تواناكەی تەنیا 80 هەزار بەرمیلە.

باسی لەوەش كردووە، ئەگەر كۆمپانیا ئەمریكییەكە لەو هەرێمە دەست بەكارەكانی بكات دەبێتە هۆی زیادكدنی بەرهەم هێنانی نەوت، ئەمەش كاریگەری ئەرێنی دەبێت بۆ ئابووری ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان.

هەروەها جەختیكردەوە، كە هاتنی كۆمپانیا ئەمریكییەكە دەبێتە هۆی هاوردەكردنی كەرەستەو ئامێری تەكنەلۆژییای پێشكەوتوو، چونكە لە ئێستادا بە ئامێری سەرەتایی نەوت دەردەهێنرێت ئەمەش پیسبوونی ژینگەی لێدەكەوێتەوە.

 

ئەمریكا تەنیا پاڵپشتی لە رێككەوتنی نێوان كۆمپانیاكە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ناكات

 

بەقسەی شارەزایان، كاریگەرییەكی دیكەی ئەرێنی ئەو رێكەوتنە سزای یاسای قەیسەر (سیزار)ی ئەمریكایە لەسەر سوریا، كە قەدەغەیە هەر كۆمپانیایەك لە بواری نەوتدا لە سوریا كار بكات، بەڵام بەپێی رێككەوتنەكە ئەو سزایانە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان ناگرێتەوە.

ئەمریكا تەنیا پاڵپشتی لە رێككەوتنی نێوان كۆمپانیاكە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ناكات، بەڵكو خۆیشی هەندێك هەنگاو دەنێت، لەوانەش دابینكردنی دوو پاڵاوگە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.

بەشی زۆری نەوتی سوریا لەناوچەی رمێلان لە رۆژئاوای كوردستان و دێرەزووری ژێر دەستی بەرێوەبەرایەتی خۆسەردایە، بەرپرسانی ئەمریكاش چەندینجار رایانگەیاندووە، سوپای وڵاتەكەیان لە نزیك كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەبن و رێگەنادەن ئەو بیرە نەوتانە بكەونەوە دەستی داعش، یان رژێمی بەشار ئەسەد یان هێزی دیكە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا