بۆچی كەلوپەلی تیپەكەی دوكان سوتێنرا؟

پۆڵەتیك: سپۆڕت
دیمەنی بڵاو كراوەی كەلو پەلی تیپی سەوڵ و كانوی یانەی دوكان دیمەنێكی هەست هەژێن و تووڕەكەرە كاتێك وەرزشكارانێك هەڵدەستن بە كاری مەزن و خزمەتی نەوەكانی ئەم وڵاتە خێر لە خۆ نەدیوە دەكەن، بەڵام مرۆڤە ناخ نەخۆشەكان هەڵدەستن بە زیان گەیاندن بە كەلوپەلەكانیان و كارەكەیان پەك دەخەن.

محەمەد فازڵ ڕاهێنەری تیپی سەوڵ و كانوی یانەی دوكان لەو بارەیەوە دەڵێت: (كەس نازانێت كێ‌ ئەو كارەی كردووە بۆچی كردوویەتی بەرژەوەندی چی یە لەوەدا كە ئەو كەلوپەلانە ئاوها لێ‌ بكات و وەرزشەكەی ئێمە پەك بخات).

ناوبراو وتیشی: (ماوەی 20 ڕۆژێك لەمەوبەر ئێمە سەردانی كۆنتێنەرەكەی تایبەت بە تیپەكەمان كرد كە كەلوپەلەكانی تیایدایە هیچ كێشەیەكی نەبوو، بەڵام بە داخەوە دواتر ئاوهای لێ‌ كراوە كە كەس نازانێت چۆن ئاگریان گەیاندۆتە ناوی … پێشتر داوامان كرد ناوچەكەمان بۆ ڕێك بخرێت بەو پێیەی كچانی تیپەكەمان هەمان تیپی هەڵبژاردەی عێراقن بۆیە دەكرێت كاریان بۆ بكرێت تا بەردەوام بن بە باشترین شێوە).

وتیشی: (تیمەكەی ئێمە لە 25 وەرزشەوان پێك هاتووە 20 كوڕ و 5 كچ بەردەوامین لە مەشق و ڕاهێنان لە داهاتووشدا دەمانەوێت ئۆڵۆمپی و یەكێتی یارییە سیانییەكان بێن بە دەنگمانەوە سەرۆكی شارەوانی دوكانیش لای خۆیەوە هاوكاری زۆری كردووین و بەڵێنیشی داوە تیمێكی لێكۆڵینەوە لە پۆلیس و قایمقامێت دروست بكەن هۆكاری ئاگرەكە بدۆزنەوە ئایا بە دەستی ئەنقەست بووە یان ئاگرێكی خۆبەخۆ بووە بۆ ئەوەش سوپاسی بە دەنگەوە هاتنیان دەكەین).

پاشان Politic Sport پەیوەندی بە سەرۆكی شارەوانی دوكان پشتیوان حاتم كرد سەبارەت بە دۆخی یانەكە و ئەو ئاگرەی كەوتۆتەوە و هەوڵەكان بۆ باشتر كردنی دۆخی تیپەكە لە هەموو لایەنێكەوە لە وەڵامدا ناوبراو وتی: (بە داخەوە ئەو ڕووداوە بووە كەس نازانێت كەی بووە، چۆن بووە، بەو پێیەش كە بە هۆی كەرەنتیناوە ئەوانیش مەشقەكانیان وەستا بوو بۆیە ناوچەكە كەمێك چۆڵی پێوە دیار بووە دەشێت گەشتیارەكان لەو كۆنتێنەرە نزیك بوو بێتنەوە، لەوانەیە بە هۆی گەرمای ناوخۆی كۆنتێنەرەكەوە ئاگرەكە دروست بوو بێت … ئێمە قسەمان لەگەڵ ڕاهێنەری تیپەكە محەمەد فازڵ كردووە پۆلیسیشمان ئاگادار كردۆتەوە بزانین چی بووە).

سەرۆكی شارەوانی دوكان بە پۆڵەتیك سپۆرت یشی ڕاگەیاند: (نووسینگەی وەرزشی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەیوەندییان پێوە كردووین و دەستی هاوكارییان بۆ درێژ كردوون و ئامادەییان نیشان داوە كاری باشیان بۆ بكەن ئێمە هاوشان لەگەڵ ئەوان هەوڵ دەدەین ئەو ناوچەیە بكەینە ناوچەیەكی وەرزشی دەریایی حكومەتی عێراق و ئۆڵۆمپی هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە تا لە داهاتوودا شوێنێكی شیاو دروست بكەین بۆ ئەو وەرزشە جوانە كە لە ناوچەی دوكان بۆتە ئامێزێك بۆ وەرزشە سیانی و دەریاییەكانی كوردستان و عێراقیش).

جێی باسە ئەو ئاگرەی لەو كۆنتێنەرەدا دروست بووە تا ئێستاش هۆكارەكەی دیار نییە چۆن بووە، بەڵام 5 بەلەم و كەل و پەلێكی زۆری تیپی سەوڵ و كانوی دوكانی سوتاندووە بە هیوای ئەوەی لە داهاتوودا هاوكارییان بكرێتەوە بۆ باشتر گەڕانەوەیان بۆ سەر وەرزشەكەیان.

ئامادە كردن/ دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا