سلێمانی لە دابینکردنی پلازمای خوێن یارمەتی ناوچەکانی دیکەی هەرێم دەدات

پۆڵەتیك پرێس:
بانكی خوێنی سلێمانی لە دابینكردنی پلازمای خوێنی چاكبووانی كۆرۆنا هاوكاری ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كردووە.

جەبار محەمەدەمین، سەرپەرشتی زانستی تیمی پلازمای خوێن لەسلێمانی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: خەڵك بە رێژەیەكی باش دێن بۆ بەخشینی پلازمای خوێن، بەڵام زۆریش لەئاستی پێویستدا نییە، ئێمە لە بانكی خوێنی سلێمانی زۆر جار پێشنیاری ئەوەمان كردووە هاوكاری هەولێر بكەین بەتایبەت ئەو ماوەیەی لە هەولێر رێژەی كۆرۆنا بەرزبوو لێرەش كەم بوو، ئێستاش زۆر جار یارمەتی هەڵەبجە و چەمچەماڵ و دەربەدیخان و قەڵادزێ دەدەین، كە زانیومانە پێوییستی زۆریان پێیەتی.

ئەو بەرپرسەی تەندروستی لەبارەی ئاماری بەخشینی پلازمای خوێن لەلایەن چاكبووانی كۆرۆنا وتی: تا ئێستا لە سلێمانی ٨٠٠ چاكبووەوەی كۆرۆنا پلازمای خوێنیان بەخشیوە، هەزار و ٣٠٠ تووشبووش لەو پلازمایە سوودمەند بوون.

لەبارەی چارەسەری پلازما و شێوازی وەرگرتنیەوە ناوبراو باسی لەوە كرد، پلازما پێشتر وەك چارەسەر بەكارهێنراوە بۆ چارەسەری زۆر نەخۆشی دیكە، بەڵام بۆ توشبووانی كۆرۆنا تەنیا سوود لە پلازمای ئەو كەسانە وەردەگیرێت، كە چاكبوونەتەوە ، ٢٨ رۆژ بەسەر تووشبوونیان و ١٤ رۆژ بەسەر چاكبوونەوەیاندا تێپەڕیوە، پێویست دەكات ئەو كەسەی كە بەخشەری پلازمایە لەناو پلازماكەیدا دژە تەن هەن هەبێت، ئینجا دەتوانرێت سود لە پالزماكەی وەربگیرێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئێستا لە بانكی خوێن شیكاری دڵنیابوون لە بوونی دژە تەن لە پلازمای خوێنی ئەو كەسە دەكەین، پێشتر لە هەموو چاكبووانمان وەردەگرت، هەروەها ئێمە هەماهەنگیان لەوەی كێ سوود لەوە وەردەگرێت، كە پلازمای خوێنی پێ بدرێت، تووشبوون بە كۆرۆنا چەند قۆناغی هەیە سەرەتا و مامناوەندی دوای ئەوەش دوو قۆناغی تر تا كۆتایی، ئەو كەسەی پلازماكەی پێ دەدرێت پێویستە لە قۆناغی ناوەڕاستی تووشبوونیدا پێی بدرێت چونكە لەو كاتەدا سوودی لێ دەبینێت ، نەك لە قۆناغی كۆتاییدا بێت كە لەم قۆناغە سوودی لێ نابینێ بەڵكو دەبێتە هۆی ئازار گەیاندن بە سیەكانی.

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەو بڕە پلازما خوێنەی لە بانكی خوێندا هایە لە ئاستی پێویستدایە جەبار حەمەدەمین وتی: هێشتا ئەو بڕەی هەمانە لە ئاستی ئەو ژمارە زۆرەی توشبووانی كۆرۆنا نیە كە لە نەخۆشخانەكانن ، رەنگە هەندێك لەوان پلازمای خوێنیان بۆ كەسوكاری خۆیان دانابێ كە پێشبینی توشبوونیان دەكەن، بەڵام ئێمە دڵنیایان دەكەینەوە چەندێك زووتر پلازماكە ببەخشن ئەوەندە زیاتر سودی لێ دەبینرێت و كارێكی مرۆڤدۆستانەشە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا