پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
یەکێک لە پارێزەرانی چالاکوانانی بادینان رایگەیاند، دادگاییکردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی، کە بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجامبدرێت، جارێکی دیکە دواخرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەرێم رەفعەت، یەکێک لە پارێزەرانی چالاکوانانی بادینان رایگەیاند، “بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگایی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی بەڕێوەبچێت، بەڵام کاتێک چووینە دادگا بڕیاردرا دادگاییکردنەکە دوابخرێت، بەبیانووی ئەوەی ئەو دادوەرانەی دانرابوون هیچیان نەهاتوونەتە دادگای تاوانی دووی هەولێر”.
وتیشی: بەپێی ئەو زانیارییانەی کە هەیە تا ئێستا هیچ یەکێک لە دادوەرەکان موباشەرەیان نەکردووە، بۆیە دادگا نەیتوانی ئەمڕۆ دانیشتنەکە بەڕێبکات و چارەنووسی چالاکوانانی بادینان یەکلایی بکاتەوە.
لەبارەی وادەی دادگاییەکەش ئاماژەی بەوەکرد، “هێشتا کاتەکەی دیار نییە کەی دادگاییەکە بەڕێوەدەچێت، بەڵام چەند کاتژمێرێکی دیکە کاتەکە دیاری دەکەن”.
لەبارەی ئازادکردنی ئەو دوو چالاکوانەش وتی: ئەگەر ئەمڕۆ دادگاییەکە بەڕێوەبچوایە، بەدڵنیاییەوە ئازاد دەکران، چونکە هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دژیان بوونی نییە.
پێشتریش لە رۆژی 6ی تشرینی یەکەم، بڕیار بوو دادگاییکردنی پێنج لە چالاکوان و رۆژنامەنووسانی بادینان بەڕێوەبچێت، بەڵام دادگایی کردنەکە دواخرا بۆ 21ی ئەم مانگە.