داوا دەکرێت لە رۆژی دەنگدانی گشتی رێز لە میدیاکاران بگیرێت

پۆڵەتیک پرێس

فەرمانگەی میدیا و زانیاری داوا لە هەموو دامودەزگا ئەمنییەکان دەکات، لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا رێز لە کاری میدیاکاران بگرن و هاوکارییان بکەن.

10ی تشرینی یەکەمی 2021 کە دەکاتە رۆژی یەکشەممە، پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.

لەوبارەیەوە ئەمڕۆ هەینی 8ی تشرینی یەکەم، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا داوای کرد، “هەموو دامودەزگا ئەمنییەکان رێز لە کاری میدیاکاران بگرن و هاوکاریان بکەن و لە چوارچێوەی رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان مامەڵە لەگەڵ تیمەکانی راگەیاندن بکەن”.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، “لە قۆناغەكانی دەنگدانی تایبەت و گشتی و جیاكردنەوەی دەنگەكانیش، زەمینە خۆش بكرێت تا میدیاكارانی ناوخۆ و دەرەوە بە شێوەیەكی ئازادانە و پیشەییانە كارەكانیان ئەنجام بدەن”.

هاوکات، داوا لە میدیا و رۆژنامەنوسان دەكات، “لە چوارچێوەی هەمان رێنمایی هەڵسوكەوت بكەن و رێز لە ئەركی ئەو هێزانە بگرن كە بۆ پاراستن و سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و سەقامگیری و ئارامیی لە ئەرك دان”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا