وەزارەتی خوێندنی باڵا مژدەیەك بە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگا حكومی و تایبەتەكان دەدات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكانی كوردستان بەڕێژەی (45%) لەگشت قۆناغەكانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا (پارالێل – ئێواران)، هەروەها كرێی خوێندنی زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان بەپێی ئەنجامەكانی ڕێزبەندی نیشتیمانی، بەڕێژەی (10بۆ 20 %) بۆ سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن كەمكردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەمە ڕێكەوتی 7 ی تشرینی یەكەم، بە واژووی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە دو فەرمانی جیادا بڕیاردرا بە كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكان و تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی تایبەت گوزەر دەكات بە شێوەیەك پێویستە هەموان ڕەچاوی بارو گوزەرانی دارایی خەڵكی خۆمان بكەین و لە هەمان كاتیشدا بتوانین هەلی خوێندن بۆ هەموان دەستەبەر بكەین، لەو چوارچێوەیەشدا وتی: بۆ ئەوەی روحیەتی كێبڕكێی زانستی لە دامەزراوە ئەكادیمیەكان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنی باوردۆخی هاوڵاتیان بڕیارماندا بە كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكان.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند: ئامانجی وەزارەتەكەمان لە كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان بە لەبەر چاوگرتنی باری دارایی هاوڵاتیانی كوردستان و ڕەخساندنی هەلی زیاتری خوێندن و پەرەپێدانی تواناكانی گەنجانی هەرێمەكەمانە، لەهەمان كاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانی و بەكارهێنانی لە گەشەپێدانی زانكۆكان.

كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكان بەم شێوەیە دەبێت:

زانكۆ حكومییەكان:

داشكانی ڕێژەی (45%) لە كرێی خوێندنی (پارالێل) و (ئێواران)ی گشت قۆناغەكانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا لە سەرجەم زانكۆ حكومییەكان و دامودەزگاكانی تری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ساڵی خوێندنی (2021 _ 2022)

زانكۆ تایبەتەكان:

بەپێی ئەنجامەكانی ڕێزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان دەبێت بەم شێوەی خوارەوە:

– ئەو زانكۆیانەی دەكەونە گروپی B، بەڕێژەی (10%) كرێی خوێندن كەمدەكرێتەوە.

– ئەو زانكۆیانەی دەكەونە گروپی C، بەڕێژەی (15%) كرێی خوێندن كەمدەكرێتەوە.

– ئەو زانكۆیانەی دەكەونە گروپی D، بەڕێژەی (20%) كرێی خوێندن كەمدەكرێتەوە.

– سەرجەم پەیمانگە تایبەتەكان و كۆلێژە زانكۆییەكان بەڕێژەی (20%) كرێی خوێندنیان كەمدەكرێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا