ماکرۆن، چەندین دۆسییە لەگەڵ عیراقییەکان تاوتوێ دەکات

پۆڵەتیک پرێس

سەرۆكی فەرەنسا، کە بەسەردانێکی کورتخایەن لەعیراقە، ڕایگەیەند هاتووم پاڵپشت و هاوکاری عیراقییەکان بم.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ شاندێکی یاوەری دوای سەردانیکردنی لوبنان، گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق و بەرپرسانی بەشێک لەهێز و لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە و دیداریان لەگەڵ ساز دەکات.

ماكرۆن لەگەڵ گەیشتنی بە بەغدا، لە تویتێكدا ڕایگەیاندووە، دڵخۆشم بۆ یەكەم جارە سەردانی بەغدا دەكەم، هاتووم تا لەكاتی پێویستدا پاڵپشتتان بم.

بەرنامەی کاری سەردانەکای ماکرۆن بۆ عیراق بە جۆرێکە، کە لەگەڵ هەریەك لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران ومحمەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیداری دەبێت.

ماكرۆن چەندین دۆسیە لەگەڵ بەرپرسانی عیراقی و هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات، لەوانە پاڵپشتیكردنی هێزە تەناهییەكانی عێراق دژ بە داعش و پاڵپشتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و پرسی ئەو داعشە فەڕەنساییانەی لە عیراق گیراون .

ماکرۆن دواى گەیشتنى بەبەغدا، لەکۆشکى کۆماری لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى عیراق پێشوازى لێکرا و هەر لەوێش لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکە کۆدەبێتەوە.

ماکرۆن بەر لە سەردانی بۆ عیراق لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا لە بەیروتى پایتەختى لوبنان ڕایگەیاندبوو “لە سەردانەکەمدا بۆ عیراق بە هاوکارى لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان دەستپێشخەرییەک بۆ پشتیوانى لە سەروەرى ئەو وڵاتە ڕادەگەیەنین.

چاودێرانی سیاسی، ڕیان وایە، سەردانەکەی ماکرۆن جگە لەبەرژەوەندی ستراتیژی فەرەنساو گەڕانەوەی بۆ ناوچەکە، هەوڵێکیشە بۆ ئاشتەوایی و نێوەندگیری، لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی عیراق بە گشتی و یەکێتی و پارتی بە تایبەتی.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا