پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە میانەی كەرنەڤاڵی جەماوەری هاوپەیمانی كوردستان لە هەولێر لەدوای ناساندنی كاندیدانی هاوپەیمانی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان وتی: سڵاو لە هەولێری پایتەخت هەولێری لانكەی شارستانیەت و هەولێری مەڵبەندی شێران، ئەمڕۆ وەك هاوپەیمانی كوردستان هاوپەیمانییەكەی سەرۆك مام جەلال و كاك نەوشیروان بۆلاتان هاتووین چونكە بەیەكەوە بەهێزترین.
وتیشی: خۆ بیرتان نەچوە كێ بوو بە گڕ و بڵێسەی دوای كوژانەوەی شۆڕش لەم شارەدا ماینەوە و ئێمە بوین هەر لێرەبووین كە بەعس ئەم شارەی تەنیبوو ئەو كاتە هێزەكانی تر لە كوێ بوون؟ ئەی راپەڕینە مەزنەكەمان مامی كوردان و كاكە نەوە سەرپەرشت و ئەندازیاری نەبوون؟ چۆن بیرتان دەچێت شێرەكەی هەولێر جەنابی كاك كۆسرەت هەولێری كردە گڕی مەردایەتی؟ هاتووین بەهەمان رۆح و ورەوە خاوەنداری ئەم شارە بكەین و بیگەرێنینەوە بۆ خەڵكە رەسەنەكەی.
هەر لە درێژەی وتەكانیدا وتی: ئێوەی هەولێری چەندە لە خێر و بێری ئەم شارە سودمەند بوون ؟ بە دوبەی بونی هەولێر ئەوەیە كە لە دەرەوەی ناو شاری هەولێر ئاوی خواردنەوە نییە؟ بۆیە دەڵێین هەرچی لە چاوی ئەوان بە دوبەی دەچێت پیرۆزیان بێت بەڵام هەموو بەشەكانی تر كە هی هاوڵاتیانی رەسەنی ئەم شارەیە هی ئێمەیە، وەك چۆن لە سەردەمی مام جەلال و كاكە نەوە و كاك كۆسرەت و هاوەڵانیان خاوەنی ئەم شارە بوین ئێستاش خەمخۆر و خاوەنی ئەم شارە دەبین و لەم هەڵبژاردنە بە سەركەوتنە چاوەڕوانكراوەكەمان هاوسەنگی هێز دەگەرێنینەوە و لەبەغدا شەڕی هاوڵاتیانمان دەكەین.
وتیشی: جۆرەها پڕوپاگەندە دەكەن دژی هاوپەیمانی چونكە دەترسن ئێوە بە دەنگەكانتان كۆتایی بەم ناهاوسەنگی هێزە بێنن و ئێمەش دڵنیایتان پێدەدەین لەم هەولێرەوە سەركەوتنی گەورە رادەگەیەنین، پلانی ئێمە سەپاندنی سەقامگیرییە بەتایبەت لە رووی ئابورییەوە بۆ ئەوەی بازاڕی كار بۆ ئەم ناوچانە بگەڕێنینە و كۆتایی بە دەستدرێژی بۆ سەر هەولێر و هەموو هەرێمی كوردستان بهێنین و لەكۆتایشدا پێتان دەڵێین وەك هەمیشە خاوەنی ئەم شارە دەبین و پارێزگاری لێدەكەین.
سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستان ئەوەشی وت: ئەگەر دەتانەوێت شنەبای ئازادی بگەڕێنینەوە بۆ هەولێر و دەتانەوێت ئاواتەكەی مام جەلال و كاكە نەوە بێننە دی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا رێكبخەینەوە كە پێشتر بە سیاسەتە هەڵەكان تێكدراوە دەنگ بدەن بە هاوپەیمانی كوردستان.
باسی لەوەشكرد، ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتە بۆ ئەوەی هاوپەیمانیەتییەكەی مامی گەورەمان و كاكە نەوە سەربخەین و سەقامگیری بۆ هەرێمی كوردستان بگەرێنینەوە، چونكە گەراندنەوەی سەقامگیری بۆ هەولێر و هەولێرییەكان بە دەنگدانتان دەبێت بەم هاوپەیمانییە.