پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە چوارەمین ساڵیادی كۆچی دوایی مام جەلال، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، هەنگاوی وەفاداری دەنێین و بەشوێن دونیابینی و سیاسەتی حەكیمانەی مام ڕێدەكەین و ئەمانەتی تۆ لە بەرامبەر خوێنی شەهیدان و تێكۆشەرانی یەكێتی دەپارێزین، دەیبوژێنینەوە، رێكیدەخەینەوە.
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند: ئەركی ئێمەیە بەرنامەكەت تەواوبكەین و یەكێتی ناو یەكێتی بپارێزین، ئەم یادە بەدەرفەت دەزانم تا جارێكی تر دڵنیات بكەمەوە و ویژدانم ئاسوودەبكەم، دوای پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنێكی زۆر دواجار بە هاوكاری دڵسۆزانی رێگاكەت و تێكۆشەران و شوێنكەوتوانی، یەكێتیمان لەهەڵدێران پاراست و ژیانی سیاسی و حیزبایەتیمان ئاسایی كردەوە.
دەقی پەیامەكەی بافڵ تاڵەبانی:
لە چوارەمین ساڵڕۆژی ماڵئاوایی تۆدا بەشكۆوە رادەمێنم و تاوێك لە خەباتی رابەر و رۆشنكەرەوەی بیری كوردایەتی و بڵێسەی شۆڕشی نوێ، پشوودەدەم و بەدەم گەشبینی، هیوا و ئومێدەوە بۆ ئاسۆیەكی روونتر هەنگاودەنێم.
هەنگاوی وەفاداری دەنێین و بەشوێن دونیابینی و سیاسەتی حەكیمانەی مام ڕێدەكەین و ئەمانەتی تۆ لە بەرامبەر خوێنی شەهیدان و تێكۆشەرانی یەكێتی دەپارێزین، دەیبوژێنینەوە، رێكیدەخەینەوە.
وەفادار بۆ یەكێتی و مێژووی پڕسەروەری مام
ئەركی ئێمەیە بەرنامەكەت تەواوبكەین و یەكێتی ناو یەكێتی بپارێزین، ئەم یادە بەدەرفەت دەزانم تا جارێكی تر دڵنیات بكەمەوە و ویژدانم ئاسوودەبكەم، دوای پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنێكی زۆر دواجار بە هاوكاری دڵسۆزانی رێگاكەت و تێكۆشەران و شوێنكەوتوانی، یەكێتیمان لەهەڵدێران پاراست و ژیانی سیاسی و حیزبایەتیمان ئاسایی كردەوە، هەر بڕیارێك درابێت و لەداهاتووشدا دەدرێت لە خزمەتی چاكەی گشتی و یەكێتی و كوردستانەكەت دەبێت، راستە رێگری هەبوو بەڵام لەم كاروانەدا تەنها نەبووین و تەنها نین، پێكەوە هەموومان تێكۆشەران، پێشمەرگەی دێرین، كەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی، كەسوكاری شەهیدان، هەڤاڵان و كادران یەكێتیمان پاراست و لەخەمی یەكێتیدا بووین، وەك سەردەمی رابەرایەتی تۆ ئێستا یەكێتی و یەكێتییەكان ئازاو ئازادن كار بۆ ژیانێكی باشتر و كوردستانێكی ئاوەدانتر دەكەن.
لەم قۆناغی خەباتی نوێیەشدا یەكێتییەكەمان و گۆڕانەكەی كاك نەوشیروان دوا ئاواتی ئێوە و ویستی كۆمەڵانی خەڵكیان بەجێگەیاند و پێكەوە بەرەو سەركەوتن هەنگاودەنێن و لە هاوپەیمانیەتییەكەدا لە بەردەم وەفاداری خەڵك و كێشە بنچینەییەكانی هەرێم و پارسەنگی هێز و مافە دەستوورییەكانمان راوەستاوین. هاوپەیمانی كوردستان وەفادار دەبێت و كار بۆ ژیانێكی باشتر و پاراستنی قەوارەی هەرێم دەكات. خۆمان ئامادەكردووە و لە بەردەم سەرپێخستنی خەونی تۆ و كاك نەوشیروان داین و دەمانەوێت ئەو سیاسەتە حەكیمانەی ئێوە بكەینە سەرمەشقی خەباتی نوێمان.
كەركوك و كەركوكییەكان، خانەقینییەكان، شەنگال، مەخمور و ئازیزانمان لە ناوچە دابڕێندراوەكان لەبەرامبەر بەڵێنی سەرۆك مام جەلال و خەمی كوردستانی بوونی ئێوە وەفادارین و لەئاست بەرپرسیارێتی پەیمانی مام دەبین و قودسی كوردستان قوڵایی ستراتیژی خەباتمان دەبێت و بەگیانمان دەیپارێزین، بۆ هەمیشە لەگەڵتانین و شارەكەی خۆمان جێنەهێشتووە و جێی ناهێڵین، وەفا و وەسێتی باوكمانە و دەیپارێزین….
بۆ تۆی باوكیش بیرت دەكەم، زۆرجار لەبەرامبەر مەزنیت، رابەرایەتی و پێشەواییت، داكۆكیت لەمافە گشتییەكان و ئازادی رادەربڕین و تەبایی و یەكڕیزی گەلی كورد، خەمت بۆ نیشتمانێك كە رەنگدانەوەی هەموو بۆچوونە جیاوازەكان بێت، رادەمێنم و بەڵێن بە رۆحت دەدەم كە ئەم بەرپرسیارێتییە بە ئەمانەتەوە بەجێ بگەیەنم و مەشخەڵی شۆڕشی نوێ و یەكێتییەكەت بڵێسەدارتر بكەم. ئارامی بۆ ڕۆحی مەزنت و رێگات رۆشن و یەكێتییەكەت ئاوەدانتر باوكە گیان.
كوڕی خۆت
بافڵ