شاناز ئیبراهیم ئەحمەد:ئێوەی پێشمەرگە دێرینەكان هاوپەیمانی كوردستان سەردەخەن

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

رۆژی شەممە 2/10/2021، لە شاری سلێمانی و بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) و لێپرسراوی میحوەری سلێمانی بانگەشەی هەڵبژاردن، پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی و گۆڕان كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانیان بۆ پشتیوانی كردنی هاوپەیمانی كوردستان رێكخست.

لەو كۆبوونەوەیەدا هەڤاڵ جەمیل هەورامی وتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند پێشمەرگە دێرینەكان هەمیشە ئاڵا هەڵگری یەكڕیزی و پێكەوەبوون بوون بۆیە دەبێ بە دەنگدان بە كاندیدەكانی هاوپەیمانی كوردستان پارێزگاری لەو یەكڕیزییە بكەین.

دواتر قوباد تاڵەبانی وتارێكی پێشكەش كرد و پێشمەرگە دێرینەكانی بە دۆستی دێرینی سەرۆك مام جەلال و كاك نەوشیروان ناساند و راشیگەیاند رەنگە نەتوانین بۆشایی نەبوونی سەرۆك مام جەلال پڕبكەینەوە، بۆیە دروشمێكمان هەڵبژاردووە كەبتوانین بەیەكەوە ئەو بۆشاییە پڕ بكەینەوە، كەئەویش بەیەكەوە بەهێزترین-ە، خۆشبەختانە ئێستا یەكێتی و گۆڕان یەكیان گرتۆتەوە لەژێر چەتری هاوپەیمانی كوردستان، چونكە بەیەكەوە باشتر دەتوانین بەرگری لەماف و شایستە داراییەكانی ئێوە بكەین، بەرگری لەو خاكی كوردستانە بكەین كەئێوەی پێشمەرگە دێرینەكان شەڕتان بۆ كرد.

پاشان، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و بەرپرسی میحوەری سلێمانی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، وتەیەكی پێشكەش كرد و بەپێشمەرگە دێرینەكانی راگەیاند: دڵنیام كە ئەمجارەش كوڕانی تەنگانە، لە پێشمەرگە دێرینەكان و زیندانیانی سیاسی و كەمئەندامانی سەنگەر و تێكۆشەرە دێرینەكان و هاووڵاتیان و گەنج و پیر و سیاسی و ناسیاسی و خوێندكار، پشتی هاوپەیمانییەكەتان دەگرن و بەرەو سندوقەكانی دەنگدان دەڕۆن، و كاندیدەكانی سەردەخەن.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتیشی: ئەمجارە دروشمی بریقەدارمان هەڵنەبژاردووە، بەیەكەوە بەهێزترین، بەیەكەوە ئەتوانین مافی ئەم گەل و خاكە وەربگرین، بەیەكەوە ئەتوانین كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان و مافی پێشمەرگە و زیندانیە سیاسییەكان و جووتیاران وەربگرین.

لەدرێژەی وتەكانیدا دووپاتی كردەوە كە ناكرێت ماف و ئیمتیازاتی شەهیدانی شەڕی داعش و زیندانی سیاسی لێرە و لە بەغدا جیاواز بێت، ناكرێت رێگە بدەین ئەو جیاوازییە بەردەوام بێت. هاوكات پێویستە پێداچوونەوە بە لیستی پێشمەرگە دێرینەكان و زیندانیانی سیاسی و كەئەندامانی سەنگەر بكرێت كە لە خەڵكانی ناشایستە پاكبكرێنەوە.
لێپرسراوی میحوەری سلێمانی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن وتیشی: نەچوونمان بۆ دەنگدان پشتكردنە لە مافەكانی خۆمان، بایكۆتكردن و سوتاندنی دەنگەكانمان دەنگدانە بە نەیارانی یەكێتی و هاوپەیمانی كوردستان. ”

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وەبیری ئامادەبووانی هێنایەوە كە چۆن پارتی شەو و رۆژ سەردانی بەغدای دەكرد بۆ بەدەستهێنانی كورسییەك، بەڵام كە هاتە سەر قووتی خەڵك رێگەی بەغدای بیر نەما.

لە كۆتایی وتارەكەیدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند : ئێمە لە رابردوودا هەڵەیەكمان كرد كە لە یەكەم هەڵبژاردن كە ئێمەی یەكێتییەكان و جەماوەرەكەمان دڵنیابووین لە سەركەوتنی حزبەكەمان، بەڵام بەرەو سندوقەكانی دەنگدان نەچووین و ئەوەی روویدا ئێستا هەموومان باجەكەی دەدەین، با چیتر ئەو هەڵانە دووبارە نەكەینەوە، و بەگوڕو تینەوە بەرەو سندوقەكانی دەنگدان بڕۆین و كاندیدەكانی هاوپەیمانی كوردستان سەربخەین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا