کۆبوونەوە باڵاکەی لاڤرۆڤ و پەیەدە تورکیای هەراسان کرد

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

رۆژی دووشەممە ٣١ی ئاب، هاوکات لەگەڵ سەردانی شاندێکی باڵای تورکیا بۆ مۆسکۆ، وێنەی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لەگەڵ شاندێکی پارتی یەکێتی دیموکراتی سوریا بڵاوکرایەوە، ئەو کۆمەڵەیەی کە ئەنقەرە بە ڕێکخراوێکی “تیرۆرستی” لەقەڵەمی دەدات.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک لە دامەزراوەی ڕاگەیاندنی تاسی ڕوسیا، وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئاماژەی بەوەکردووە، لاڤرۆڤ لەسەر هەندێک دۆزی سوریا گفتوگۆی کردووە لەوانەش، ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکانی سوریا لەسەر بنەمای بڕیاری ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی کوردستان و قەدری جەمیل سەرۆکی بەرەی گەل بۆ گۆڕان و ئازادی.

لاڤرۆڤ لەسەر هەندێک دۆزی سوریا گفتوگۆی کردووە

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سێرگی لاڤرۆڤ سەر لەنوێ جەختی لە ئامادەیی ڕوسیا کردووەتەوە بۆ بەردەوامبوون لە یارمەتیدانی پتەوکردنی گفتوگۆی گشتگیر لەنێوان سورییەکاندا لەپێناو سەروەری و یەکێتی خاکی سوریا و باشترکردنی دۆخی ژیانێکی هاوبەش و ئاشتییانە و گەشەپێدانی هەموو کۆمەڵە و پێکهاتە ئایینی و هەرێمییەکانی سوریا.

 

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تیایدا نیگەرانی خۆی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممە دەربڕی و ڕایگەیاند، “بەدواداچوون بۆ ئەو ڕاپۆرتانە دەکەین کە پەیوەندیدارن بە بانگهێشتە فەرمیی و ئاست بەرزەکەی حکومەتی ڕوسیا بۆ چەند ئەندامێکی پارتی یەکێتی دیموکرات، ئەو پارتەی لەژێر دەسەڵاتی پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل دایە.”

 

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەکانی ئاستانە وتی: “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوە و دەرهاویشتەکانییەوە و وەستان دژی بنەماکانی جیاوازیخوازی کە تێکدانی یەکێتی خاکی سوریا دەکاتە ئامانج و دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتانی هاوسێ کارێکی پێویستە، کە لە ڕاپۆرتی هاوبەشی کۆبوونەوەکانی ئاستانە لەسەر ئاستی باڵادا هاتووە و پێوەی پابەندبوون.”

 

ئەوەش هاتووە، لە ڕێککەوتنەکانی ئاستانە و سۆچیدا ئاماژە بە پارتی یەکێتی دیموکرات و کۆمەڵە کوردییەکانی ڕۆژئاوا نەدراوە و وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی باسیان لێوە نەکراوە.

 

پێشتریش، ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، ئیدانەی هاوکارییەکانی واشنتۆنی کردووە بۆ کوردەکانی ڕۆژئاوا بۆماوەی چەندین ساڵ و لە دەیان بۆنەی جیاوازدا، ئەوەشی وتووە: “هەر ئەو هاوکارییانەی ئەمریکا بوون وایان لە وڵاتەکەمان کرد پەنا بۆ چەکی ڕوسی ببەین بەنمونەش موشەکی بەرگری ئاسمانی ئێس ٤٠٠.”

 

باس لەوەشکراوە، ئەردۆغان لە چەندین بۆنەی ئەم ساڵانەی دواییدا واشنتۆنی بەوە تۆمەتبار کردووە کە هەوڵی بنیادنانی ئەو ڕێکخراوە دەدات کە ئەنقەرە بە ڕێکخراوێکی “تیرۆرستی” لە باکوری کوردستان لەقەڵەمی دەدات.

ڕوسیا، پارتی کرێکارانی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لەقەڵەم نادات

ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژئاوا کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی کراون، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ڕۆڵێکی سەرەکیان هەبووە لە شەڕی نێودەوڵەتی دژی داعش.

 

ڕوسیا، پارتی کرێکارانی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لەقەڵەم نادات، جیاواز لە یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، هیچ دەوڵەتێک نییە جگە لە تورکیا، پارتی یەکێتی دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی گەل یاخود هێزەکانی سوریای دیموکرات کە هەموویان کوردی ڕۆژئاوان بە تیرۆرست لەقەڵەم بدات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا