ئەمریكا لە بوارەكانی ئاسایش و ئابوری و وزە هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێم، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هاوكاری و هەماهەنگی وڵاتەكەی لە بوارەكانی ئاسایش، وزە، ئابووری، كولتووری و پەروەردەییدا دەربڕی و راشیگەیاند، ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە پشتگیری كردن لە چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە.

نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە30 ی ئەیلول، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە جینیفەر گاڤیتۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و ئێران و شاندێكی یاوەری كرد.

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكدا پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ ئەمەریكا تاوتوێ كران، جینیفەر گاڤیتۆ دووپاتیكردەوە ئەمەریكا بە بایەخەوە لە عێراق دەڕوانێت و پەیوەندیی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان پەیوەندیی دۆستانە و هاوبەشییەكی ستراتیژیی درێژخایەنە كە چەندین بوار دەگرێتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پابەندیی ئەمەریكای بە بەردەوامیی پشتگیری لە چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەگە و رێكخستنەوەی هێزەكانی دووپاتكردەوەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە ئەمەریكا لە بوارەكانی دیكەی ئاسایش، وزە، ئابووری، كولتووری پەروەردەییشدا دەتوانێت هاوكار و هاوبەشی هەرێمی كوردستان بێت.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش، كە بڕیارە 10-10-2021 بكرێت، بە گوێرەی راگەیەندراوەكە هەردوولا باسیان لە هەڵبژاردن و ئامادەكارییەكانی كرد و جەختیان لە گرنگیی بەڕێوەچوونێكی سەركەوتووانەی هەڵبژاردن كردەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا