فەرەنسا دژی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم دەوەستێـتەوە

پۆڵەتیك پرێس:
عێراق ئامادەكاری دەكات بۆ پێشوازیكردن لەئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا، كە یەكەم سەردانی سەرۆكی وڵاتێكە بۆ بەغدا، دوای دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی وەك سەرۆك وەزیران.

ئیمانوێل ماكرۆن رۆژی چوار شەممە بەسەردانێكی فەرمی دێتە بەغدای پایتەختی عێراق‌و بڕیارە لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق‌و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كۆببێتەوە.

بڕیاربوو لەساڵی رابردوو لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، ئیمانوێل ماكرۆن سەردانی بەغدا بكات، بەڵام سەردانەكە بە هۆكاری نادیار دواخرا.

بەپێی میدیای عێراقی رۆژی چوار شەممە لەدوای گەیشتنی ماكرۆن بە بەغدا لەكۆشكی سەرۆكایەتی لە ناوچەی سەوز لەناوەڕاستی بەغدا پێشوازییەكی فەرمی لێبكرێت، كە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار پێشوازییەكەی بۆ ساز دەكات.

هەر بەپێی میدیای عێراقی ماكرۆن بۆ تاوتوێكردنی چەند كێشەیەك لەگەڵ ساڵح و كازمی كۆدەبێتەوە، كە گرنگترینیان گرێبەستەكانی عێراق و فەرەنسایە لەبواری ئابووری، هاوكات باسی لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم‌و عێراق دەكرێت، كە فەرەنسا دەیەوێت لەو چوارچێوەیە هاوكاری بەغدا بكات.

سەردانەكە لەكاتێكدایە ڕۆژی 27 ی ئاب ، فلۆرانس پارلی وەزیری بەرگری فەرەنسا سەردانی عێراقی كردو لەو سەردانەدا چاوی كەوت بەبەرپرسانی بەغداو هەرێمی كوردستان‌و ئامانجی سەرەكی سەردانەكەشی بۆ پرسی رێگری بوو لەهێرشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێم‌و ناوچەكانی عێراق.

هەروەها لەهەمان كاتی سەردانەكەی ماكرۆن بۆ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش دەچێتە پایتەختی عێراق‌و لەگەڵ ماكرۆن كۆدەبێتەوە، كە سەرۆكی فەرەنسا بەبیانووی كەمی كات سەردانی هەولێر ناكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا