پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە كەركوك لەگەڵ سەركردایەتی كەركوك كۆبووەوە ، وتەیەكی هەمەلایەنەی لەبارەی دۆخی گشتی پێشكەشكرد و ئاماژەی بە سیاسەتی نوێی یەكێتی كرد كە رەنگدانەوەی واقیعی سیاسی و بەرژەوەندییە گشتییەكانە و روونیكردەوە، كەركوك لای یەكێتی هێڵی سوورە و وەك سەرۆك مام جەلال فەرموویەتی قودسی كوردستانە، لەبەرئەوە خزمەتكردنی كەركوك و كەركوكییەكان لەپێشینەی خەباتمان دەبێت.
لەكۆبوونەوەكەدا بە وردی گفتوگۆكرا لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرخستنی هاوپەیمانیی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك و میكانیزمەكانی زیاتر خزمەتكردنی كەركوكییەكان و رێكخستنەوەی كاری حزبی لە سنورەكە.
دوای ئەوەی سەركردایەتی كەركوك راپۆرتێكیان لەسەر كۆی هاوكێشە، پرسە سیاسی و ئەمنییەكان، دۆخی كورد لە ناوچەكە و هەڵمەتی سەرخستنی هاوپەیمانیی كوردستان خستەڕوو، بافڵ تاڵەبانی وتەیەكی هەمەلایەنەی لەبارەی دۆخی گشتی پێشكەشكرد و ئاماژەی بە سیاسەتی نوێی یەكێتی كرد كە رەنگدانەوەی واقیعی سیاسی و بەرژەوەندییە گشتییەكانە و روونیكردەوە، كەركوك لای یەكێتی هێڵی سوورە و وەك سەرۆك مام جەلال فەرموویەتی قودسی كوردستانە، لەبەرئەوە خزمەتكردنی كەركوك و كەركوكییەكان لەپێشینەی خەباتمان دەبێت و هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە تایبەتمەندی و كوردبوونی كەركوك بپارێزین.
هاوسەرۆك ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، راستە لە دەرئەنجامی ریفراندۆم و بە هەند وەرنەگرتنی پێشنیاری وڵاتانی دۆستمان زیانی گەورەمانكرد، بەڵام بێهیوا نەبووین و یەكێتی بۆ ساتێكێش كەركوكییەكانی جێنەهێشت، كە ئەمە بەرپرسیارێتی مێژوویی و نەتەوەیی ئێمە بووە لە داهاتووشدا هەر لێرە دەمێنینەوە و خزمەتدەكەین، ئەركی سەركردایەتی كەركوكیشە پارێزەری راستەقینەی بەدیهێنانی داواكارییەكانی كەركوكییەكان بن و زیاتر لەناو خەڵك بن و خزمەتی شارەكە بكەن.
سەبارەت بە كاری رێكخراوەیی و ئۆرگان و ناوەندەكانی یەكێتی بافڵ تاڵەبانی بەرچاوڕونیدایە ئامادەبووان و هێڵەگشتییەكانی حزبی لەچەند ئاستێكدا روونكردەوە، كە كاری لەسەر بكرێت.
بۆ هاوپەیمانیی كوردستان و سەرخستنی كاندیدەكانی هاوسەرۆك وێڕای دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و لیژنەی بانگەشە لە كەركوك، كە بەشێوەیەكی سەركەووتوانە ئەركەكان رادەپەڕێنن، روونیكردەوە سەركەوتنی هاوپەیمانیی كوردستان لە كەركوك زامنی پاراستنی كوردبوونی شارەكە و پێكەوەژیانی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانە، لەبەرئەوە پێویستە هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ ئەوەی لە كەركوك دەنگی یەكەم بهێنین و هاوپەیمانیی كوردستان ببێتەوە سەرمەشقی بەردەوامی خزمەتكردنی كەركوك و كەركوكییەكان لەو رووەوە بافڵ تاڵەبانی دڵنیایی دەربڕی، كە كەركوكییەكان لەم وێستگەی سەركەوتنەشدا پشكی شێریان بەردەكەوێت و وەك هەمیشە لە پێشەوەی دەنگدان دەبن و هاوپەیمانییەكەی خۆیان سەردەخەن.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا چەندین پرسی تری پەیوەست بە كەركوك گفتوگۆی لەبارەوە كرا و هەڵسەنگاندنی پێویستی بۆ كرد.