پۆڵەتیك پرێس:
مایكڵ گۆردن لەوتارەكەیدا باسی ناردنەوەی ئەرشیفەكانی عێراق لەلایەن ئەمریكا كردووە، مێژووی ئەو ئەرشیفانە بۆ سەردەمی حیزبی بەعسی سۆسیالیستی عەرەبی دەگەڕێتەوەو لەساڵی 2003 دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەقسەی ئەو نووسەرە، فڕۆكەیەكی بارهەڵگری سەربازی ئەمریكا ئەرشیفەكانی گەڕاندووەتەوە بەغدا، كە زیاتر لە 6 ملیۆن لاپەڕەی بەڵگەنامەینو نهێنییەكانی سەردەمی سەدام حوسێنی سەرۆك كۆماری پێشووتری تێدایە.
هەر بەقسەی نووسرەكە، ئەو ئەرشیفانە زۆر زانیاری لەسەر دەسەڵاتەكەی سەدامو دەوروپشتەكەی تێدایە، هەروەها زانیاری زۆریشی لەبارەی سەركردەكانی حیزبی بەعسی تێدایە.
ئەمریكا لەترسی تاڵانییەكانی بەغدا ساڵی 2003 ئەو ئەرشیفانەی لەعێراق گواستەوە بۆ وڵاتەكەی، بەتایبەتی كاتێك ترس هەبوو، ئەو ئەرشیفانە بكەوێتە دەست گروپەكانی سەر بەئێرانو ببرێنە تاران.
ئەو ئەرشیفانە لەساڵی 2003 لەناو مۆنۆمێنتێك بوونو لەلایەن كۆمەڵێك چالاكوان پارێزراون، تا ئەوكاتەی هێزەكانی ئەمریكا گەیشوون بەشوێنەكەو سەرجەمی بەڵگەنامەكانیان بردووە.
مایكڵ گۆردن لەبارەی گرنگی ئەو ئەرشیفەوە نووسیویەتی: ئەو ئەرشیفە وەك ئاماژەیەكی مێژوویی بۆ گەلی عێراقو ڕێگەیەك بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە سەیر دەكرێت، كە ماوەیەكە لەعێراق دروست بووە، بەتایبەتی لەناو لایەنە سیاسییەكان.
لەئێستاداو دوای گەڕاندنەوەی ئەو ئەرشیفانە، كاربەدەستە عێراقییەكان دەیانەوێت ناوەندێكی بۆ دروست بكەنو بەشێكی بۆ رای گشتی ئاشكرابكەن، بەتایبەتی لەرێگەی ئەنجامدانی چەند توێژینەوەیەك لەسەر ناوەڕۆكی بەڵگەنامەكان.
حیزبی بەعسی عێراقی لە چلەكانی سەدەی رابردوو وەك بزووتنەوەی عەرەبی عەلمانی، ناسیونالیست دامەزراو سەدام لە ساڵی 1957 دا چووە ناو ئەو حیزبەوە و دوای هاتنە سەر دەسەڵات لەساڵی 1979 تا ساڵی 2003 لەعێراق حكومی كرد.