ریفراندۆمی سەربەخۆیی یان “سەرەخۆرى”

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017دا تێدەپەڕێت، لەو ریفراندۆمەدا زۆرینەی خەڵكی كوردستان بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستاندا، بەڵام دوای رۆژێك ریفراندۆمەكە سەرۆكی ئەوكاتەی هەرێم رایگەیاند: ئەم ریفراندۆمەی ئەنجامدراوە نە بۆ فەرزكردنی ئەمری واقعە و نە بۆ دیاریكردنی سنوورە.

مانگێك دوای ریفراندۆمەكەش سەرۆكی ئەوكاتەی حكومەت لەدرەنگانێكی شەودا لەڕێی پەیامێكەوە بۆ بەغدا ئەنجامەكەی سڕكردو داوای گفتوگۆی كرد.

ئەمڕۆ 25ی ئەیلولی 2020 چوار ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017دا تێدەپەڕێت، لەو كاتەدا زۆربەی وڵاتانی جیهان و ئەوروپا داوایان لە سەركردایەتی ئەوكاتەی ریفراندۆم كرد كاتی ئەنجامدانی نیە و ریفراندۆمەكە دوا بخەن، تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەدیلێكی لەبری ئەنجامدانی ریفراندۆم پێشكەش كرد، بەڵام لەلایەن كۆمیتەی ریفراندۆمەوە رەتكرایەوە.

لەگەڵ دیاری كردنی ڕۆژی ڕیفراندۆمدا، دژایەتییەكانی دەستی پێكرد، دەوڵەتانی توركیا و ئێران و حكومەتی ناوەنی عێراق، هەڕەشەی جدیان دەكرد لەوەی ئەگەر هەرێمی كوردستان ڕیفراندۆم ئەنجامبدات ئەوا هەموو كارێك دەكەن دژی هەرێمی كوردستان، فشار و هەڕەشەكانیش وایكرد، كە لەناوخۆی هەرێمی كوردستاندا ڕای جیاواز دروستبێت بەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، هەروەها وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا چەندین بەدیلیان خستە بەردەم هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم ئەنجامنەدات، ڕاشكاوانە ڕایانگەیاند كە ئەوان پشتگیریی ئەنجامدانی ڕیفرانۆم ناكەن، لەهەرێمی كوردستانیش هەندێك لە لایەنەكان دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوون، هەندێكی دیكەیان لەگەڵ ئەوەدابوون كاتەكەی دوابخرێت، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەت شەخسی مەسعود بارزانی سووربوو لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، تەنانەت لەوتارێكدا چەند ڕۆژێك پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وتی ” ڕیفراندۆم ئەنجامدەدەین و حساب بۆ كەسیش ناكەین”، بۆیە بەفشاری بارزانی ڕیفراندۆم لەكاتی خۆیدا ئەنجامدرا.

رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 زۆرینەی خەڵكی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان دەنگیان بە “بەڵێ” دا بۆ سەربەخۆی كوردستان و بەپێی ئەنجامەكەشی كە دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان لەلایەن  كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستانەوە راگەیەنرا رێژەی بەشداری گشتی بۆ ریفراندۆم 72.16% بوو.

رۆژێك دوای ریفراندۆم، واتە رۆژی 26ی ئەیلولی 2017، مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتەی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و تیایدا سوپاسی خەڵكی كوردستانی كرد بۆ دەنگیاندانیان، وتیشی: ئەم ریفراندۆمەی ئەنجامدراوە نە بۆ فەرزكردنی ئەمری واقعە و نە بۆ دیاریكردنی سنوورە، بەڵكو بۆ ئەوە بوو گەلی كوردستان بەشێوەیەكی دیموكراتی و ئاشتیانە رای خۆی لەبارەی چارەنوسی خۆی دەرببڕێت.

هەر لەپەیامەكەیدا بارزانی داوای دانەخستنی دەرگای گفتوگۆی لەحكومەتی عیراق و بەغدا كردو وتی: جارێكی تر داواتان لێ دەكەم وەرن با بەگفتوگۆ چارەسەری كێشەكان بكەین، داوا لە بەڕێز حەیدەر عەبادی و هەموو هێزو لایەنەكانی عیراقی دەكەم، ئەوانەی بڕوایان بەگفتوگۆ هەیە دەرگەی حیوار دانەخەن چونكە تەنیا حیوارو گفتوگۆ چارەسەرە.

سەرۆكی ئەوكاتەی هەرێم بەهەمان شێوە چۆن داوای گفتوگۆی لەگەڵ بەغدا كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی دڵنیا كردەوەو رایگەیاند: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دڵنیا دەكەینەوە كە ئێمە لە ئێستاوە ئامادەی گفتوگۆی جددین بۆ چارەسەر كێشەكان لەگەڵ بەغدا، جەخت لەوەشدەكەینەوە كە بەشێكی كاریگەر دەمێنینەوە لەناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی تیرۆر.

دوای ریفراندۆم چی گوزەرا؟

دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، هەڕەشەكانی توركیا و عێراق و ئێران خرانە بواری پراكتیكییەوە و یەكیان گرت دژی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی 29 ی ئەیلول، واتە تەنها دوای چوار ڕۆژ لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی عێراق، گەشتە ئاسمانییەكان بەڕووی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستاندا داخرا، هەریەكە لە وڵاتانی توركیا و ئێرانیش، بە داخستنی دەروازەی سنوورییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، گەمارۆی ئابوورییان خستە سەر هەرێمی كوردستان.

هەر بەهۆی لێكەوتەكانی ریفراندۆمەوە، درەنگانێگی شەوی 24ی ئۆكتۆبەری 2017 حكومەتی ئەوكاتەی هەرێم كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی بوو راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و ئەنجامەكانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی سڕكرد و داوای گفتوگۆی لەحكومەتی عێراق كرد كە ئەوكاتە حەیدەر عەبادی سەرۆكی وەزیرانی بوو.

پێگەی سیاسی هەرێم دوای ریفراندۆم:

هەرێمی كوردستان بێجگە لە لەدەستدانی 52%ی خاكەكەی و 55%ی نەوتی هەناردەكراوی و داهاتی فڕۆكەخانەكان، پێگەی سیاسی لە عێراق و ئاستی نێودەوڵەتیدا لەدەستدا، چونكە پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەهۆی ڕۆڵیەوە لەشەری دژی داعش، هەرێمی كوردستان لە پێگەیەكی سیاسی بەرزدابوو، زۆرێك لە سەرۆكی وڵاتانی ئەوروپا و بەرپرس و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان سەردانی هەرێمی كوردستانیان دەكرد، بەڵام لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئەو پەیوەندیانە پچڕان و زۆرینەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بەدەرەوە لەڕێگەی حكومەتی ناوەندی عێراقەوە كۆنتڕۆڵ دەكران، تەنانەت نێجیرڤان بارزانی بۆ بەشداریكردنی لە مەراسیمی سوێندخواردنی ئەردۆغان، ناچاربوو لەڕێگای ئۆتۆمبێلەوە لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە بڕواتە توركیا، ئەوەش لەكاتێكدا بوو، كە ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا زۆرترین سوكایەتی بە كورد و مەسعود بارزانی دەكرد، دەیوت ئەگەر ئێمە بەلۆعەكە بگرینەوە ئێوە هیچ نابێت بیخۆن و لەبەری بكەن.

هەروەها فشارەكانی دوای ڕیفراندۆم ئەوەندە گەورەبوون بۆ هەرێمی كوردستان كە بارزانی ناچاركرد كە دەست لە پۆستەكەی بەربدات وەك سەرۆكی هەرێم، كە ماوەی12 ساڵ لەو پۆستەدابوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا