پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە بیستەمین ساڵیادی كارەساتی خێڵی حەمەدا بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: ئەمڕۆ لەیادی ئەو كارەساتەی بەرامبەر گەلەكەمان و یەكێتی ئەنجامدرا، دووپاتی دەكەینەوە كە یەكێتی وەك هێزێكی بەرپرسیار لە ئاست وڵات و میللەتە سەربەرزەكەمان بەردەوام دەبێت لەپاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر.
بافڵ تاڵەبانی راشیگەیاند: لە كاتێكدا كە هێشتا مەترسییەكانی تیرۆر كۆتایی نەهاتووە و بیری توندڕەوی ڕیشەكێش نەكراوە، پێویستە هەموومان بەستراتیژێكی نوێوە رووبەڕووی مەترسییەكان ببینەوە و یەكدەست و یەكدەنگ بین لەپێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێم و دابینكردنی ژیانێكی خۆشگوزەرانتر.
دەقی پەیامەكە:
لە بیستەمین ساڵیادی كارەساتی خێڵی حەمەدا، سەری رێز لەئاست شەهیدانی ئەو كارە ترسنۆكانەیە و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دادەنەوێنم.
ئەمڕۆ یادی پۆلێك شەهیدی قارەمان و تێكۆشەر دەكەینەوە كە دوور لە هەموو بەهایەكی پیرۆزی ئیسلام و مرۆڤانە بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە لەلایەن تیرۆریستانی جند الاسلام و انصار الاسلامەوە بەدیل گیران، شەهیدكران و تەرمەكانیان شێوێندرا.
ئەمڕۆ لەیادی ئەو كارەساتەی بەرامبەر گەلەكەمان و یەكێتی ئەنجامدرا، دووپاتی دەكەینەوە كە یەكێتی وەك هێزێكی بەرپرسیار لە ئاست وڵات و میللەتە سەربەرزەكەمان بەردەوام دەبێت لەپاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر. لەم پێناوەشدا قوربانیی زۆرمان داوە و مێژوو شاهیدی ئەو راستییەمان بۆ دەدات كە هەمیشە یەكێتی بە خوێنی رۆڵەكانی كوردستانی پاراستووە. رووبەڕووبوونەوەی داعش لە خانەقینەوە تا مەخموور و لەوێوە بۆ رۆژئاوا و كۆبانێ نموونەی ئەم راستییەن.
لە كاتێكدا كە هێشتا مەترسییەكانی تیرۆر كۆتایی نەهاتووە و بیری توندڕەوی ڕیشەكێش نەكراوە، پێویستە هەموومان بەستراتیژێكی نوێوە رووبەڕووی مەترسییەكان ببینەوە و یەكدەست و یەكدەنگ بین لەپێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێم و دابینكردنی ژیانێكی خۆشگوزەرانتر.
بە پێویستی دەزانم لەم یادەدا سوپاس و دەستخۆشی ئاڕاستەی هێزەكانی پێشمەرگە، دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئاژانسی پاراستن و زانیاری هەرێم و دژەتیرۆر بكەم كە لەماوەی رابردوودا بەپشتیوانی خەڵكی خۆشەویستی كوردستان چەندین پیلانی تیرۆریستییان شكستپێهێناوە و رۆڵی گرنگیان بینیووە لە سەقامگیری و ئاسایشی هەرێم.
جارێكیتر سەری ڕێز بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كارەساتی خێڵی حەمە و هەموو شەهیدانی كوردستان دادەنەوێنم و بەڵێن دەدەین وەفاداربین بەرامبەر خوێنی شەهیدان و كەسوكارە سەربەرزەكەیان.
بافڵ تاڵەبانی
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان