پارتی پۆستەكانی پارێزگای دهۆكی بۆ خۆی قۆرغكردووە

پۆڵەتیك پرێس:
بەقسەی دلڤین محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك لەفراكسیۆنی یەكێتی، پارتی دیموكرات زۆربەی پۆستەكانی پارێزگاكەی بۆ خۆی قۆرغكردووەو رێگە نادات یەكێتی بەشداربێت لەئیدارەی دهۆك.

دلڤین محەمەد لەمیانی لێدوانێكی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: یەكێتی بەشدارە بەكابینەی نۆیەم‌و شەریكی دەسەڵاتە، بەڵام بەداخەوە پارتی رێگەنادات لەسنووری دهۆك هیچ بەشدارییەكی هەبێت.

دلڤین محەمەد وتیشی: ئێستا لە بەرێوبردنی ناوخۆی ئیدارەی دهۆكدا دوو پارت بوونیان هەیە، كە پارتی دەسەڵاتدارەو یەكگرتووی ئیسلامیش تەنیا بەشدارە.

ئەمە لەكاتێكدایە، لەم چەند رۆژەی رابردوو شەش بەڕێوەبەری گشتی سنووری پارێزگای دهۆك گۆڕان‌و بڕیارە چەند سەرۆك شارەوانییەكیش بگۆڕێن، كە سەرجەمی ئەو پۆستانە بۆ پارتی یەكلابوونەتەوە.

دلڤین محمەد لەو بارەوە وتی: ماوەیەكی زۆرە كار لەسەر گۆڕینی بەشێك لەسەرۆك شارەوانییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك دەكرێت، بەتایبەت ئەوانەی ماوەیەكی زۆرە ئەو پۆستانە بەڕێوەدەبەن، پێشتریش چەند سەرۆك شارەوانییەك گۆڕدراون.

لەسنووری شارەوانییەكانی پارێزگای دهۆك 47 شارەوانی هەیەو ژمارەی ئەوانەی دەگۆڕێن 25 سەرۆك شارەوانییە، ئەمە جگە لەبوونی چەند بەرێوەبەرایەتییەكی گشتی، كە بەم دوایانە 6 بەرێوەبەری گشتی گۆڕاون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا