كەجەكە: توركیا ماوەی پێنج مانگە چەكی كیمیایی دژی گەریلا بەكاردەهێنێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

هاوسەرۆكایەتیی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە ڕایگەیاند، كە توركیا ماوەی پێنج مانگە چەكی كیمیایی لە دژی هێزەكانی گەریلا بەكار دەهێنێت، بەڵام نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەوروپا و ئەمریكا بێدەنگن.

لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەكەی هاوسەرۆكایەتی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكەدا هاتووە: “دەوڵەتی داگیركەری تورك ماوەی پێنج مانگە بە مەبەستی داگیركردنی تونێلەكانی شەڕ، چەكی كیمیایی لەدژی هێزەكانی گەریلا بەكار دەهێنێت، سەرەڕای ئەوەی كە ئەمریكا، ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان زۆرجار بە شێوازی جیاواز وتوویانە، كە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی هێڵی سوورە و قبووڵی ناكەن، كەچی ئێستا هەڵوێستیان پێچەوانەیە”.

لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی جیهانەوە لەبارەی بەكارهێنانی چەكی كیماییەوە دژی گەریلا كەجەكە ڕایگەیاندووە، یەكێتی ئەوروپا، ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان تەنها كاتێك وڵاتێكی دژبەخۆیان چەكی كیمیایی بەكار بێنێت، ئەو كردەوەیە دەخەنە پلانی كاری ڕۆژانەیان، بەڵام ئەگەر وڵاتێكی هاوپەیمانی خۆیان چەكی كیمیایی بەكار بێنێت، ئەوا چاوپۆشیی لێدەكەن.

سەبارەت بە بێدەنگی وڵاتانی جیهانیش لەبارەی كارە دووژمنكارەكانی دەوڵەتی توركەوە، كەجەكە باسی لەوەكردووە، بێدەنگی وڵاتانی جیهان وای لە دەوڵەتی تورك كردووە، كە هەر كەسێك پارێزگاری لە كوردبوونی خۆی بكات نەچێتە پاڵ ئەوان، ئەوا دەیخەنە زیندان، لەو چوارچێوەشدا زۆرێك لە ئەندامانی پەرلەمان، هاوسەرۆكی شارەوانییەكان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان سەرەڕای ئەوەی كە بە دەنگی خەڵك هەڵبژێردراون، دەستگیركردووە.

لە ڕاگەیەندراوەكەی كەجەكەدا ئاماژەی بە شەهیدبوونی سێ گەریلایان بەهۆی بەكارهێنانی چەكی كیماییەوە لە ڕۆژانی ڕابردوو كردووە و دەڵێن، كە هێزی گەریلا بۆ پاراستنی خۆی لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەوڵەتی داگیركەری توركدا، دەمامكی دژە گازی كیمیایی بەكاردێنن و ئەگەر بەو ڕێگەیە نەبوایە ئەوا تا ئیستا سەدان گەریلایان بەهۆی بەكارهێنانی ئەو چەكەوە شەهید دەبوون.

كەجەكە لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەیدا داوا لە گەلانی توركیا، لایەنە دیموكراتەكانی ئەوروپا، ئەمریكا و كەسە دیموكراتە خاوەن ویژدانەكان لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، كە لە دژی بەكارهێنانی ئەو چەكە كیمیاییانەی لە بەرامبەر هێزەكانی گەریلادا بەكاری دێنن، هەڵوێستیان هەبێت و بە تاوانی ئەنجامدانی تاوانی شەڕ دەوڵەتی تورك دادگایی بكەن و چاوەڕێ دەكەن كە دادگایی دادگای تریبونال لە دوایی دانیشتنەكانی لە ڕۆژانی 20 تا 24ی ئەم مانگە لە جنێڤ لەسەر ئەو بابەتە هەنگاوی گرنگ بنێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا