بۆمبە تەوقیتکراوەکەی عێراق کەی دەتەقێتەوە؟

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

زیادبوونی دانیشتووان بەو شێوە بەرفراوان و بەردەوامە لە عێراق، بۆمبێکی تەوقیتکراوە و هەڕەشەیە بۆسەر پلانی گەشەسەندن و پشێوی و ترس و دڵەڕاوکێ دەهێنێتە ئاراوە بۆ ئەو کەسانەی خاوەن بڕیاری ئابووری و کۆمەڵایەتین لە وڵات.

وەزارەتی پلاندانان پێشبینی دەکات بە گەیشتن بە ساڵی 2030 ژمارەی دانیشتووانی عێراق نزیک ببێتەوە لە 50 ملیۆن کەس و تا ساڵی 2050 ئەم ژمارەیە بۆ 80 ملیۆن کەس بەرزببێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە ئێستادا دانیشتووانی عێراق 40 ملیۆن کەس دەبن، بەو ژمارەیەشەوە ساڵی رابردوو عێراق بە سەختی توانی موچەی فەرمانبەرانی حکومی دابین بکات، بەتایبەتی لەدوای دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان، عێراق زەبری گەورەی بەرکەوت، چونکە بودجەکەی بەڕێژەی %92 پشت بە داهاتەکانی نەوت دەبەستێت.

چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی خۆی دابەزی و یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە کەمتر لە 25 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا.

تا ساڵی 2050 ژمارەی دانیشتووانی عێراق دەبێتە 80 ملیۆن کەس

لەمبارەیەوە ئیحسان عەبدول جەبار، وەزیری نەوتی عێراق باس لەوە دەکات، “پشتبەستن بە نەوت وەک تاکە سەرچاوەی ئابووری نیشتیمانی، بیرۆکەیەکی ڕاست نییە”، دەشڵێت: پێویستە پەنا ببەینەبەر هەموو ئەو رێگایانەی دەبنەهۆی زیادکردنی داهاتی نیشتیمانی.

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات، “ناتوانین بەدرێژایی ساڵانی داهاتوو بۆ پارەدارکردنی بودجەی گشتی، تەنیا پشت بە نەوت ببەستین”، ئەو وەزیرە ئاشکراشی دەکات، “ساڵانە بەڕێژەی %2.5 پەرەسەندن روودەدات و ئەمەش واتە زیادبوونی ملیۆنێک کەس لە ساڵێکدا”.

لەلایەکی دیکەوە عەبدول زەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان ئەوە دەخاتەڕوو، “کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان پەیوەستە بە هۆشیاری کۆمەڵگە و برەودان بە کەرتی تایبەت”.

دەشڵێت: گرێبەستی نیشتیمانی جەخت لە گرنگی رێکخستنەوەی خێزان دەکاتەوە، بەپێی ئەو گرێبەستە دەبێت ماوەی نێوان منداڵبوونەکان زیاتر بێت و ژمارەی منداڵ لەدایکبوون کەمبکرێتەوە، تا بتوانرێت منداڵ بەشێوەیەکی تەندروست پەروەردە بکرێت و فێربکرێت و پارێزگاری لە تەندروستیی ژنان و دایکانیش بکرێت.

جەخت لەوەش دەکاتەوە، پێویستە قەیرانی شوێنی نیشتەجێبوون لەڕێی سیاسەتی دوورمەوداوە چارەسەر بکرێت و کەرتی تایبەت هانبدرێت تا رۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی قەیرانی شوێنی نیشتەجێبوون.

خراپی وەبەرهێنان و گەندەڵی و نەبوونی پلان بوونەتەهۆی زیادبوونی دڵەڕاوکێ لەبارەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان

جیاواز لە رای دوو بەرپرسەکەی پێشوو، نەدا شاکر جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، “هیچ ترسێک نییە لەبارەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان گەر حکومەت جددی بێت لە هەوڵدان بۆ بووژاندنەوەی ئابووری وڵات، چونکە سەرچاوەی ئابووری گەورەمان هەیە لە نەوت و کبریت و فۆسفات و ئاو و هێزی مرۆیی”.

دەشڵێت: خراپی وەبەرهێنان و گەندەڵی و نەبوونی پلان بوونەتەهۆی زیادبوونی دڵەڕاوکێ لەبارەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان لە داهاتوودا، جگە لەوانەش پشتگوێخستنی کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمی خۆماڵی و جێگرتنەوەیان بە بەرهەمی دەرەکی لەڕێی هاوردەکردنیان لەودیو سنوور، هۆکاری دیکەن بۆ دروستبوونی ئەم ترس و دڵەڕاوکێیە.

لایخۆیەوە زەرخام محەمەد عەلی، شارەزای بواری ئابووری ئاماژە بەوە دەکات، “زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بەبێ بوونی پلانێک بۆ پەرەسەندنی مرۆیی و گەشەی ئابووری، بە مانای زیادبوونی رکابەری دێت لەسەر سەرچاوەیەکی داهات کە خۆی لە خۆیدا سنووردارە، ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی قەیران لە کەرتەکانی پەروەردە و فێرکردن و تەندروستیی و شوێنی نیشتەجێبوون و ژێرخانی ئابووری”.

بەپێی بڵاوکراوەی ماڵپەڕی Worldometersی ئەمریکی کە تایبەتە بە ئامارەکان، لە ئێستادا عێراق رێژەی %0.52ی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنێت و لە پلەی سی و شەشەمی جیهاندایە و لەناو وڵاتە عەرەبییەکانیشدا لەدوای هەریەکە لە وڵاتانی میسڕ و جەزائیر و سودان، لە پلەی چوارەمدایە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا