پۆڵەتیک پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر پلانی خۆمان بەردەوامین بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و تێپەڕاندنی قەیرانەکان، وتیشی: بە چاکسازییەکانی حکومەت خەڵک لە داهاتووی خۆیان دڵنیا دەبن.
ئەمڕۆ یەکشەممە لەمیانەی کۆنفرانسی پەروەردەیی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، گرنگییەکی تایبەت بە پەروەردە و خوێندنی باڵا دەدەین و کار دەکەین بۆ باشترکردنی خوێندن بەگشتی لە هەرێم.
وتیشی: دوو ساڵی رابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی ئابووری دۆخی ناهەموار هاتە ئاراوە، بەڵام ئێمە هەر لەسەر پلانی خۆمان بەردەوامین بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و تێپەڕاندنی قەیرانەکان.
راشیگەیاند، “بەنیازی پێکهێنانی دەستەیەکین بۆ هەڵسەنگاندن و متمانە بەخشین بە دامودەزگا ئەکادیمییەکان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و پلانی ستراتیژی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی پەیوەست بە بواری پەروەردە و خوێندن دادەنێین و دەکرێت ئەم دەستەیە ببێتە نمونە بۆ سەرتاسەری عێراق”.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشی: پێویستە ئامانجی سەرەکی لە خوێندن تەنیا بەدەستهێنانی بڕوانامە نەبێت، بەڵکو فێربوون و بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و کلتوری کۆمەڵگاش بێت.
جەختی لەوەشکردەوە، “پەروەردە و خوێندن بەشێکی گرنگن لەو چاکسازییەی حکومەتی هەرێم ئەنجامی دەدات”، وتیشی: بە چاکسازییەکانی حکومەت خەڵک لە داهاتووی خۆیان دڵنیا دەبن”.